رووداو دیجیتاڵ
تەڵاڵ زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا دەستگیرکرا و ئەحمەد ئەسەدیش، هەواڵی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی رەتکردەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، درەنگی شەوی رابردوو هێزێکی هاوبەشی دەزگای دژەتیرۆر و دەستەی دەستپاکیی عێراق، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی تەڵاڵ زەوبەعی لە ناوچەی حارسییە لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق و بۆ شوێنێکی دەستبەسەرکردن گواستوویانەتەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی زیاتری ئۆپەراسیۆنەکە، سەرچاوەکە رایگەیاند، "هاوکات لەگەڵ ئەم دەستگیرکردنە، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و دەستگیرکردنیان لە چەند ناوچەیەکی دەرەوەی ناوچەی سەوز دەستپێکردووە، کە تێیدا چەند کەسایەتییەکی دیکە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی داواکراون."
ئەو سەرچاوەیە دەنگۆی داخستنی ناوچەی سەوزی بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە رەتکردەوە و رایگەیاند، بارودۆخی ئەمنی لە بەغدا جێگیرە و هاتووچۆ بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.
تەڵاڵ خزەیر عەباس زەوبەعی، کەسایەتییەکی دیاری سیاسیی سوننەکانە و لە ساڵی 1969 لەدایکبووە، سێ خول ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە؛ لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق (2014-2018)، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی بووە. لە 20ی ئابی 2019، پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا و بەهۆی بوونی چەندین سکاڵای گەندەڵییەوە لەسەری، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد و گەشتی دەرەوەی لێ قەدەخە کرد و دەستی بەسەر موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیدا گرت.
هەر درەنگی شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا هەواڵی دەستگیرکردنی ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی کوتلەی سۆمەرییون و وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بڵاوکرایەوە، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەممموزی 2026 نووسینگەکەی، راستیی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەوەی بڵاودەکرێتەوە هیچ بنەمایەکی راستیی نییە و لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و سووکایەتیکردن بە کاری پەرلەمانی."
هاوکات، حەنان فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە وگەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، رەتیکردەوە هیچ هێزێک هەڵیکوتابێتە سەر ماڵەکەی، ئەوەش دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو دەنگۆیە بڵاوکرایەوە.
رۆژی 28ی مانگی رابردوو، هێزێکی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی (بەرەبەیان) ئەنجام دا. رۆژی دواتر حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یاداشتەکانی دەستگیرکردن کە جێبەجێ کراون، 21 کەسیان گرتووەتەوە؛ هەندێک کەسایەتی هەڵاتوون و دەزگا تایبەتەکان بەدوایاندا دەگەڕێن."

