رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی 6 فەرمانبەری سەر بە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، ئەوەش "بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی دزینی سامانی گشتی و سەرپێچیکردن لە ئەرکە پیشەییەکانیان."
دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026 رایگەیاند، تیمە مەیدانییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان لە یەکێک لە وێستگە حکومییەکانی سووتەمەنی لە شاری مووسڵ کردوە؛ 4 فەرمانبەریان دەستگیر کردووە، "دوای ئەوەی لە وردبینیکردن دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر لە بەنزینی وێستگەکە دزراوە."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەو بڕە بەنزینەی لە تۆمارەکاندا نووسراوە و ئەوەی لە کۆگاکاندا ماوەتەوە هەبووە؛ هاوکات بڕە پارەیەکی زۆری فرۆشتنی بەنزین و نەوتی سپی لەناو ئۆتۆمبێلی تایبەتیی بەرپرسی کۆگای وێستگەکەدا دۆزراوەتەوە، کە بڕیار بووە وەک داهاتی دەوڵەت رادەست بکرێت، بەڵام شاردراوەتەوە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، تیمەکانی دەستەی دەستپاکی چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی نەینەوا و فەرمانبەرێک و کارمەندێکیان دەستگیر کردووە. ئەو دوو کەسە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا چەندین مامەڵەی رەسەنی خانەنشینییان پێ گیراوە، کە بەبێ ئامادەبوونی خاوەنەکانیان و بەبێ هیچ رێگەپێدانێکی یاسایی، سەرقاڵی راییکردنی مامەڵەکان بوون.
دادوەری لێکۆڵینەوەی نەینەوا کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕیاری داوە بە دەستبەسەرکردنی سەرجەم تۆمەتبارەکان بەپێی مادەکانی 315 و 331ـی یاسای سزادانی عێراقی.

