رووداو دیجیتاڵ دادگەیەکی عێراق، بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ باسم خەشان، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەرکرد، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون سزاکانیان دەگاتە 17 ساڵ زیندانیکردن. رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، میدیای فەرمیی عێراق دوو فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی باسم خەشان بڵاوکردەوە کە لەلایەن دادگەی دووەمی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا لە 26ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەرکراون. ئەو تۆمەتانەی کە بەهۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە دژی ئەو پەرلەمانتارە پێشووە دەرکراوە، پەیوەندیدارن بە زیانگەیاندنی ئەنقەست بە ماڵی گشتی و بەکارهێنانی پۆست بۆ بەرژەوەندیی خۆی. فەرمانەکانی دەستگیرکردن بەگوێرەی بڕیاری 160 و ماددەی 340ـی یاسای سزاکانی عێراقی بوون و سکاڵاکار دەستەی دەستپاکیی عێراقە. سزای بڕیاری 160، دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن، هەروەها سزای ماددەی 340ـی یاسای سزاکانی عێراقیش کە تایبەتە بە خراپ بەکارهێنانی ئەرکی فەرمی (پۆست) بۆ بەرژەوەندیی کەسی، سزاکەی دەگاتە حەوت ساڵ زیندانیکردن. باسم خەشان، لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی موسەننا، 11 هەزار و 755 دەنگی بەدەستهێنا و بووە ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دیکە کە میدیای فەرمیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، دادگەی تێهەڵچوونەوەی عێراق سزای تۆمەتبارێکی پەسەند کردووە بە ناوی حەیدەر سەعدی مووسا، کە لە دۆسیەی باسم خەشاندا رۆڵی نێوەندگیریی بینیوە لە هەوڵی وەرگرتنی پارە لە وەبەرهێنەرێک بۆ ئەندامەکەی پێشووی پەرلەمان و بە دوو ساڵ بەندکردن سزا دراوە.