رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی عەلی زەیدی، حکومەتی عێراق چەند گرێبەستێکی لە سێکتەرەکانی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کردووە. دیارترینی ئەو گرێبەستانە، گەڕانەوەی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکییە بۆ کارکردن لە عێراق.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە 5ی تەممووزی ئەم ساڵ دا رایگەیاند، کۆمپانیای نەوتی بەسرە گرێبەستێکی بۆ "بەڕێوەبردنی هاوبەش" لەگەڵ کۆمپانیای هاڵیبێرتنی ئەمریکی واژۆ کردووە. ئەم گرێبەستە پەرەپێدانی کێڵگەکانی (بن عومەر و سندباد) لە پارێزگای بەسرە دەگرێتەوە، بە مەبەستی زیادکردنی 150 هەزار بەرمیل بۆ توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە پێنج ساڵی داهاتوودا.
لە 9ی تەممووزدا، کۆمپانیای نەوتی باکوور گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای HKN واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین. ئامانج لەم گرێبەستە گەیشتنە بە بەرهەمهێنانی 140 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و کۆکردنەوەی 40 ملیۆن پێ سێجا گازی هاوەڵ بۆ وێستگەکانی کارەبا.
هەر لە 5ی تەممووزدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی و کەپیتاڵ تی ئای قەتەری ، ئەرکی ئەم کۆمپانیایانە توێژینەوەی تەکنیکی و داراییە بۆ دروستکردنی هێڵە ستراتیژییەکانی هەناردەکردنی نەوت، لەوانە هێڵی (بەسرە - حەدیسە و کەرکووک - جەیهان)، هەروەها هێڵی (بەسرە - حەدیسە – بانیاس).
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، حکومەتی عێراق کۆمپانیای KBRـی ئەمریکی راسپارد بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری راوێژکاری بۆ پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە – حەدیسە. ئەم پڕۆژەیە وەک پلانێکی ستراتیژیی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی باشوور بەرەو رۆژئاوا و باکووری عێراق دەبینرێت.
ئەم گرێبەستانە لە کاتێکدایە کە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، دەیەوێت ژینگەی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا رۆژئاواییەکان خۆش بکات. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کەرتی وزە خێراترین رێگەیە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان لەگەڵ واشنتن."
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، واشنتن و بەغدا پێیانوایە کە "دەبێت ئابووری پەیوەندییە ستراتیژییەکەی نێوانمان بەهێزتر بکات، لەسەر ئەم بنەمایە سەرۆکوەزیران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی پەیوەندییەکان دەکەن، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و گەشەپێدان."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتیشی، "دیارترین ئەو بابەتە هاوبەشە ستراتیژییانەی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، وەبەرهێنانە لە بواری نەوت و پەرەپێدانیان و کەرتی کارەبا."
عەلی زەیدی ئێستا لە ئەمریکایە و بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم سەردانەوە وەبەرهێنانی زیاتر رابکێشێت و رۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان، کەرتی وزە، نەوت و گاز فراوانتر بکات، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی توانای نێوخۆیی بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان و پیشەسازیی پترۆکیمیایی بە مەبەستی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی.


