رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، ئاستی تاوان لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی 18٪ کەمیکردووە، بەڵام ئامارەکانی خۆکوشتن هێشتا بە بەرزی ماونەتەوە. هەروەها 81 پیاو لەلایەن ژنانە هەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێکراوە.
رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2026، میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ دا 617 رووداوی خۆکوشتن لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون. میری ئەم رێژەیەی بە "مەترسیدار" ناوبرد و داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن و دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد هەڵوەستەی لەسەر بکەن.
سەبارەت بە تاوانەکانی دیکە، میقداد میری ئاماژەی بەوە کرد کە 82٪ی تاوانەکان ئاشکرا کراون، لەنێویاندا 79٪ی تاوانەکانی کوشتن، 82٪ی رفاندن و 90٪ی کێشە و شەڕەکان یەکلایی کراونەتەوە و تۆمەتباران رەوانەی دادگە کراون. گوتیشی، "بە شێوەیەکی گشتی، کەمبوونەوەمان بە تێکڕای 18٪ لە هەموو پارێزگاکانی عێراق لە ئاستی تاوانەکاندا تۆمارکردووە."
بە گوتەی میقداد میری، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، یەک تۆن و 977 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە. لەسەر ئەو کەیسانەش، سێ هەزار و 553 تۆمەتبار سزادراون، کە 58 لەوانە بە لەسێدارەدان و 236ی دیکەشیان بە سزای زیندانیی هەتاهەتایی سزا دراون. هەروەها دەشڵێت، "17 ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ راوەدوونانی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق ئەنجام دراون."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ دا، هەزار و 61 تۆمەتبار بەپێی مادەی چواری تیرۆر دەستگیرکراون. هەروەها "زیاتر لە 21 هەزار فەرمانی دەستگیرکردن جێبەجێ کراون و شەش هەزار و 229 کەسیش بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی نیشتەجێبوون دەستگیرکراون و رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە."
ئامارەکانی تووندوتیژیی خێزانی لە عێراق جێگەی سەرنجن؛ میقداد میری رایگەیاند، 16 هەزار و 174 داوای یاسایی لەو بارەیەوە تۆمارکراون. ئامارەکان بەم شێوەیەن:
- تووندوتیژیی پیاوان بەرامبەر هاوژینەکانیان: 9.023 حاڵەت
- تووندوتیژیی ژنان بەرامبەر هاوژینەکانیان: 2.235 حاڵەت
- تووندوتیژیی دایکوباوک بەرامبەر منداڵان: 898 حاڵەت
- تووندوتیژیی منداڵان بەرامبەر دایکوباوک: 1.951 حاڵەت
لەبارەی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆمەڵگە توانیویانە کێشەی 81 پیاو چارەسەربکەن، کە لەلایەن ئافرەتانەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان لێکراوە، لە بەرامبەردا کێشەی 626 ژنیان چارەسەر کردووە، کە لەلایەن پیاوانەوە هەڕەشەی پارە وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان لێکراوە.
نۆ ملیۆن لیتر نەوت دەستی بەسەردا گیراوە
میقداد میری دڵنیایی دا کە 3.719 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی عێراق "بە تەواوی پارێزراون" و بە سیستمی کامێرای گەرمیبین و درۆن چاودێری دەکرێن. لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵیشدا، 2.054 "قاچاخچی" دەستگیرکراون و دەست بەسەر "بڕێکی زۆر چەک، ئۆتۆمبێل، جگەرە و دەرمانی قاچاخ"دا گیراوە.
سەبارەت بە دزینی نەوت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوە کرد، 378 تۆمەتبار بە قاچاخچێتیی سووتەمەنی دەستگیرکراون و دەست بەسەر "9 ملیۆن و 330 هەزار لیتر بەرهەمی نەوتیدا گیراوە کە بۆ قاچاخچێتی ئامادەکرابوون."
لە بارەی رووداوەکانی هاتووچۆش میقداد میری ئاشکرای کرد کە "زیاتر لە دوو ملیۆن و 600 هەزار" سەرپێچیی هاتووچۆ تۆمارکراون. راشیگەیاند بەهۆی رێکارە نوێیەکان و پرۆژەی هاتووچۆی زیرەک، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە 37٪ کەمیکردووە.



