رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 61 هەزار زیندانی لە زیندانەکاندا هەن و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 12 هەزار و 700 زیندانی بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون. موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ پێنجمشەممە 16ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا نزیکەی 61 هەزار زیندانی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی عێراقدا هەن." بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 هەزار و 700 زیندانی بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون. ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشتر باسی لە ئازادکردنی 42 هەزار کەس کردبوو. سەبارەت بە جیاوازیی ئامارەکەی ئەوان و ئەنجوومەنی دادوەری، موراد ساعدی روونیکردەوە: "ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری تەواوی دەستگیرکراوان دەگرێتەوە، بە راگیراوان و ئەوانەشی لە وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکراون، بەڵام ئامارەکەی ئێمە تەنیا تایبەتە بەو زیندانییانەی کە لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی داددا بوون." رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق یاسای لێبووردنی گشتیی پەسند کرد کە داواکارییەکی سەرەکیی سوننەکان بوو.
عێراق12-08-2026کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پێنجشەممە رێککەوتنی هەناردەی نەوت نوێ بکرێتەوە
عێراق12-08-2026لە پێنج مانگدا پارەی سپاردەکراو لە بانکە حکومی و بازرگانییەکانی عێراق زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینار کەمبووە