رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار کەس وەک خوازیاری کار لە بنکەی زانیارییەکانیاندا تۆمارکراون.
ئەو ئامارە لەلایەن فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دراوەتە رووداو، کە تایبەتە بە بێکاران، بەرنامەکانی پێدانی قەرز و هەوڵەکانی راهێنانی پیشەیی لە هەموو پارێزگاکاندا
بەپێی داتاکانی فەرمانگەی فەرمانگەی پلاندانان، تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2026، کۆی گشتیی خوازیارانی کار کە لە بنکەی زانیارییەکانی وەزارەت تۆمارکراون، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 769 هەزار و 856 کەس.
لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 451 هەزار و 328 کەسیان لە رەگەزی نێرن و 318 هەزار و 528 کەسیشیان لە رەگەزی مێن.
لەبارەی پێدانی قەرز و پاڵپشتی دارایی، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە لە رێگەی "سندووقی پشتگیریکردنی پڕۆژە بچووکەکان"ـەوە، 71,851 کەس سوودمەند بوون (62,271 پیاو و 9,580 ژن).
هەروەها لە چوارچێوەی "ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری"ـدا، کۆی گشتیی سوودمەندبووان گەیشتووەتە 14,063کەس، (12,676 پیاو و 1,387 ژن).
لە ئامارەکەدا هاتووە کە ژمارەی دەرچووانی سەنتەرەکانی راهێنانی پیشەیی لە بەغدا و پارێزگاکان لە ساڵی 2004ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی 2026 گەیشتووەتە 393,571 کەس، کە 196 هەزار و 862 دەرچوویان پیاون و 196 هەزار و 709 دەرچووشیان ژنن.
بەهۆی ئەم ژمارە زۆرەی خوازیارانی کار، وەزارەتی کار دەڵێت هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان و دابینکردنی هەلی کاری بەردەوام چڕکردووەتەوە، ئەویش لە رێگەی پشتگیریکردنی پڕۆژە پێشەنگەکان (کارسازی) و بەهێزکردنی ژینگەی کاری سەربەخۆ.
بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی هەژاری 17.5%ە.
پارێزگاکانی خاوەن بەرزترین رێژەی هەژاری:
موسەننا: 43.6%.
بابل: 34.4%.
دیوانییە: 28.9%.
بەسرە: 27.9%.
نەجەف: 25.2%.
مەیسان: 16.3%.

