رووداو دیجیتاڵ بەگوێرەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، پار نزیکەی 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوونی داوە و لە 5 مانگی ئەمساڵیشدا نزیکەی 6 هەزار مامەڵەی قەرزی پەسند کردووە. رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕی ئەو پارەیەی وەکو قەرزی نیشتەجێبوون دراوەتە ئەو 20 هەزار هاووڵاتییە گەیشتووەتە نزیکەی 900 ملیار دینار." نەبیل سەفار گوتی: "تاوەکو رێککەوتی 31-05-2026، ژمارەی ئەو مامەڵە ئەلیکترۆنییانەی پەسندکراون، گەیشتووەتە پێنج هەزار و 922 مامەڵەی قەرز، بڕەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 327 ملیار دینار." بەگوێرەی مادەی 2ـی بڕگەی یەکەمی یاسای سندووقی نیشتەجێبوون ژمارە 32ـی ساڵی 2011، قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. قەرزەکە بە سێ بەش دەدرێت و بە 15 ساڵ وەردەگیرێتەوە. نەبیل سەفار میکانیزمی ئەو قەرزە روون دەکاتەوە و دەڵێت: پێشینە بۆ ئەوانە دەبێت کە خانووی نوێ دروست دەکەن، نەوەک نۆژەنی دەکەنەوە؛ پێشینە بۆ خەڵکی دەرەوەی شارەکان، خێزاندار و ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە و چوار منداڵ یان زیاتریان هەیە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت. زۆرترین بڕی قەرزەکەش دەگاتە 60 ملیۆن دینار.
عێراق19-07-2026پەرلەمانی عێراق لەسەر پلە بەرزکردنەوە و 150 هەزار گرێبەست بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری دەکات