رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجامی سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا راگەیاند. هەروەها رایگەیاند، پارێزبەندیی سیاسی بۆ کەسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی نییە.
شەوی دووشەممە، 20-07-2026، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە، وردەکاریی سەردانەکەی بۆ واشنتن و ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا واژۆی کردبوون، خستووەتەڕوو.
رۆژی 13ـی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامی سەردانەکە دەربڕی رایگەیاند، "پشتیوانی لە حکومەت دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی کە بەدەستهاتوون، بە شێوەیەک پێگەی نێودەوڵەتیی عێراق بەهێز بکات، سەروەرییەکەی بپارێزێت و ببێتە مایەی راکێشانی وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کار."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پرسی گەندەڵی. لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەیان بەوە کردووە کە "پشتیوانیی رەها"ی دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاکی دەکەن بۆ "راوەدوونانی گەندەڵکاران و گێڕانەوەی سامانی گشتی."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پارێزبەندیی سیاسی بۆ هیچ کەسێک دابین ناکات کە لەلایەن دادگەوە تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا بسەلمێندرێت، "بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەو کەسە سەر بە چ لایەن و پێکهاتەیەکە."
.webp&w=3840&q=75)

