رووداو دیجیتاڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت: هەوڵێکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)یان لە بەغدا شکست پێهێناوە و 3 کەسیان دەستگیرکردووە. رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر چالاکییەک کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی بکات، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان لە بەغدا ئەنجام دا. بە گوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر 25 پەیکەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کارگەیەکی بچووکی دروستکردن و چەندین کەرەستەی تەکنیکی و لۆجستیی تایبەت بەو بوارەدا گیراوە. گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم کارە پەیوەندی بە چ پلانێکەوە هەیە کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات بکات. ئەرشەد حاکم باسی لەوە کرد: هەر سێ تۆمەتبارەکە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
عێراق22-07-2026پەروەردەی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 7 ملیار دینار بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی تاقیکردنەوەکان دا