رووداو - دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە 7 هەزار ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووەوە چووە نێو هۆڵی پەرلەمان، بەڵام نەیتوانی ئەندامانی لیژنەی دارایی قایل بکات کە ئەرکەکانی بەڕێکوپێکی جێبەجێ کردووە. پەرلەمانتاران گومانیان هەیە کە ئەم دامەزراوەیە خۆی بەشێک بێت لە تۆڕی گەندەڵی و چەند رۆژێکیان مۆڵەت داوەتێ بۆ پێشکەشکردنی راپۆرتی وردتر، ئەگەرنا لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە.
دوای سێ کاژێر لە گفتوگۆی چڕ، پەرلەمانتاران رەخنەی توندیان لە کارەکانی دیوانی چاودێری گرت. رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، بە رووداوی گوت: "هەندێک لە راپۆرتەکان باس لە گەڕاندنەوەی حەوت ملیار یان 700 ملیۆن دینار دەکەن؛ ئەمە چ ژمارەیەکە لە چاو ئەو تریلیۆن دینارانەی کە بەهەدەر دەدرێن؟ هەندێک پڕۆژە هەبووە کە بەهۆی گەندەڵییەوە راگیراون، کەچی ئەم دامەزراوەیە پێشتر رەزامەندیی پێداوە و گوتوویەتی یەکێکە لە باشترین پڕۆژەکان."
شاکر مەحموود، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی بەدر، تۆمەتی قورستر ئاراستەی دیوانەکە دەکات و دەڵێت: "دەرکەوت دیوانی چاودێریی دارایی نەک تەنیا ئێستا، بەڵکو لە ساڵی 2003ـوە خۆی بەشێک بووە لە گەندەڵی. ئەمە ئەو دەستەیەیە کە دەبێت وردبینی لە سامانی گەل و بودجە بکات و هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکان بکات، کەچی بە هیچ جۆرێک خەمی ئەم بابەتەیان نەبووە."
هەڵمەتی 'بەرەبەیان' دژی گەندەڵی ئەم لێپرسینەوەیەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە لە عێراق "هەڵمەتی بەرەبەیان" دژی گەندەڵکاران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا پەردە لەسەر دەیان تۆڕی گەندەڵی بەرپرسان لە دامودەزگاکانی حکومەت لادراوە. پەرلەمانتاران جەخت دەکەنەوە کە رێگریکردن لە گەندەڵی ئەرکی سەرەکیی دیوانی چاودێرییە، بەڵام ئێستا گومان لە خودی بنکەی وردبینییەکە دەکرێت.
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی چەند رۆژێکی کەمی لەبەردەمدایە تاوەکو راپۆرتی ورد و شەفاف لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی پێشکەش بکات، بەپێچەوانەوە پەرلەمان بڕیاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی دەدات.

