رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق سبەی پێنجشەممە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ ژمێرەی کۆتایی 4 ساڵ و هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک دەکات.
بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکە کاژێر 13:00ی پاشنیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026 بەڕێوەدەچێ. دیارترین پرسیش خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پرۆژەیاسای پەسندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی 2012، 2013، 2014 و 2015.
ژمێرەی کۆتایی دارایی، وردەکاریی شێوازی خەرجکردنی بودجەی ساڵانەیە لەگەڵ ئەو داهاتەی لەو ساڵانە بەدەست هاتووە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئامادە دەکرێ.
هاوکات پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنەوەی چوار یاسا دەکات کە بریتین لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012؛ هەمواری دووەمی یاسای سندووقی قەرزی کشتوکاڵی ژمارە 28ی ساڵی 2009؛ یاسای دادنووسی ژمارە 32ی ساڵی 1998 و هەمواری یەکەمی یاسای کار ژمارە 37ی ساڵی 2015.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2012 و 2013 و 2014 و 2015 وەک پڕۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێ. ئەو ژمێرە کۆتاییانە زۆر لە کاتى خۆیان دواکەوتوون و دەبوو ساڵانە رەوانەی پەرلەمان بکرێن".
بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، دەبێت ساڵانە وەزارەتی دارایی ژمێرەی کۆتایی داهات و خەرجکردنی بودجەی ئەو ساڵانە ئامادە بکات و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینیی بۆ بکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەبوو ژمێرەی کۆتایی خەرجکردنی بودجە و راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی ساڵانە هەبووایە تاوەکو بزانرێ ئەو پارەی خەرجییە چۆن خەرج کراوە، بەڵام تائێستا ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2016 بۆ 2026 نەگەیشتووەتە پەرلەمان.



