رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە پەرلەمانی عێراق راپۆرتێکی پێشکێشکرد و چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی خستەڕوو و رایگەیاند، 26 تریلیۆن دینار نەگەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت و 500 هەزار موڵکی دەوڵەتیش دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت: "ئەوەی لە راپۆرتەکەدا باس کراوە 1٪ ئەو گەندەڵییانە نییە، کە لە عێراقدا هەیە."
عەممار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی پەرلەماندا، کە رۆژی 21ی تەممووزی 2026، بە ئامادەبوونی 300 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، راپۆرتی سای (2025)ی دیوانەکەی پێشکێش کرد. راپۆرتەکە لە 630 لاپەڕە پێکهاتبوو و تێیدا وردەکاریی لەسەر بەهەدەردانی پارە و گەندەڵیی دارایی خرابووە روو.
سەرۆکی دیوان، باسی لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیان کرد، لەوانەش "نەدانی پشکی گەنجینەی دەوڵەت لە قازانجی کۆمپانیا گشتییەکان بۆ ساڵانی رابردوو کە 26 تریلیۆن دینارە،" و دۆسیەی زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی دەوڵەت، کە سەرۆکی دیوان دەڵێت 500 هەزار موڵکی دەوڵەت، کە زێدەڕۆییان لەسەر کراوە، تۆمار کردووە و دۆسیەکەش رەوانەی وەزارەتی داد کراوە، هەروەها ئەو بڕە پارانەی کە دەبێت وەربگیرێنەوە و بەپێی بڕیاری دادگەکان تاوەکو ئێستا وەرنەگیراونەتەوە، کە چوار تریلیۆن دینارە.
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق 3500 فەرمانبەری هەیە، کە بەسەر بەغدا و پارێزگاکاندا دابەشبوون.
سەبارەت بە کەرتی دارایی و بانکی، عەممار سوبحی، روونیکردەوە، دیوان 339 راپۆرتی دارایی دەرکردووە کە تیشکیان خستووەتە سەر وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی و بانکە حکومییەکان تاوەکو ساڵی 2025 و تێبینییەکانی لەخۆگرتووە لەبارەی بەردەوامیی پشت بەستنی دەوڵەت بە داهاتی نەوت بەبێ گرنگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری، هەروەها زۆریی زیادەڕۆیی لە خەرجکردنی تەرخانکراوەکان .
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێک لە باجدەران باجی داهاتیان نەداوە، زۆر لە وێستگەکانی سووتەمەنیی ئەهلی لە تۆمارەکانی باجدا تۆمار نەکراون، جیاوازیش لە باجی داهاتی کۆمپانیاکانی گەڕەکانى مۆڵەتى نەوتیدا هەبووە کە بۆ ساڵانی 2018 - 2023، 388 ملیار و 721 ملیۆن دینار بووە، هەروەها لاوازیی رێکارەکانی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدانی دەرەکی لە بەدواداچوونی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی دراونەتە یەمەن، سۆماڵ، مۆزەمبیق، ئۆگەندا و تەنزانیا.
سەرۆکی دیوانەکە باسی لەوەش کردوە، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2022ـەوە ژمێرەی کۆتایی دارایی بۆ دیوانەکە نەناردووە. دیوانەکەیان بەردەوامە لە وردبینیی بودجە و ژمێرەکانی هەرێمی کوردستان و هەژمارە کۆتاییەکانی سێ ساڵی رابردووی عێراق.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، رەخنەی لە دیوانی چاودێریی دارایی گرت و رایگەیاند، راپۆرتەکە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا نییە. پەرلەمان داوای کرد دیوانەکە وەڵامی وردی هەبێت لەسەر قەبارەی پارە بەفیڕۆچووەکان لە هەر وەزارەتێکدا و کاتێکی دیاریکراو دابنرێت بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.
پەرلەمانتاران گومانیان هەیە کە ئەم دامەزراوەیە خۆی بەشێک بێت لە تۆڕی گەندەڵی و چەند رۆژێکیان مۆڵەت داوەتێ بۆ پێشکەشکردنی راپۆرتی وردتر، ئەگەرنا سەرۆکەکەی لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە.
لە دانیشتنەکەدا هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە تووڕەییەوە رووی دەمی کردە سەرۆکی دیوانەکە و گوتی: "ئایا هیچ مرۆڤێک هەیە عەقڵی بەم هەموو تریلیۆنەها دینارە نەشکێت کە دەیبینین؟ تەنیا لە یەک کۆمپانیا کە ئەویش کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوورە، 12.5 تریلیۆن دینار هەیە؛ کوا چاودێریتان بەسەریانەوە؟ چۆن واژۆتان لەسەر هەژمارە کۆتاییەکانیان کردووە؟"
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد کە راپۆرتەکە زۆر "نائومێدکەرە" و بەشێک لە سەرپێچییەکانی وەک نموونە هێنایەوە: لە کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت، تەنکەرەکان ژەنگیان هێناوە و لەکارکەوتوون؛ لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کە رۆژانە 3 ملیۆن لیتر نەوت هەناردە دەکات و سەرپێچییەکان تەنیا بە 12 هەزار و 500 دۆلار خەمڵێنراون، کە ئەمە بە بڕوای حەلبووسی "گاڵتەجاڕییە".
هەیبەت حەلبووسی گومانی خستە سەر سەربەخۆیی دیوانی چاودێری دارایی و رایگەیاند: "ئەگەر گوشارتان لەسەرە لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە، پێمان بڵێن؛ ئێمە نوێنەری گەلی عێراقین و رێکاری پێویست دەگرینە بەر. ئەم راپۆرتەی ساڵی 2025 پڕە لە موجامەلە و لایەنگیری، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەشکرد، دیوانی چاودێری دارایی بەرپرسیارە لە پاراستنی سامانی گشتی و پارەی 46 ملیۆن عێراقی لە ئەستۆی دیوانی چاودێری داراییە و نابێت بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو گەندەڵییە گەورانە بکرێت کە لە وەزارەتەکاندا، بەتایبەت وەزارەتی نەوت، دەکرێن" و گوتیشی: " کاتێک ئێوە راپۆرت دەنووسن، زۆربەی پەرلەمانتاران پشتی پێ دەبەستن، بۆیە دەبێت راپۆرتەکانتان گشتگیر و روون بن."
حەلبووسی بە پێویستی زانی "سەرپێچییە کارگێڕییەکان لە لایەک و سەرپێچییە داراییەکان لە لایەکی دیکە جێگیر بکەن. ناكرێت بۆ ئێمە بنووسن فەرمانبەرێک سزا دراوە، بەڵام تریلیۆنان دیناری وەزارەتەکان فەرامۆش بکەن."
سەرۆکی پەرلەمان داوای لە دیوانەکە کرد بە راشکاوی قەبارەی ئەو پارانە دیاری بکات کە لە وەزارەتەکاندا بەهەدەر دراون و گوتی: "پێویستە ئەو تریلیۆنان دینارەی لە وەزارەتەکاندا هەیە، وردەکاریی گرێبەستەکان، قەبارەی خەرجییەکان و ئەو نرخە خەیاڵییانەی بۆ پڕۆژەکان دادەنرێن، هەمووی بخەنەڕوو. دەبێت بڵێن فلانە وەزارەت ئەوەندە ملیار دینار سەرپێچی دارایی تێدایە."
حەلبووسی ئاماژەی بەوەشکرد لایەنی کارگێڕیش پڕە لە سەرپێچی و داوای کرد ئەو دۆسیانەش ئاشکرا بکرێن:"پێویستە باسی ئەو سەرپێچییە کارگێڕییانە بکەن کە لە دامەزراندنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی بەشەکاندا دەکرێن، کاتێک کەسێک دادەنرێت کە مەرجە یاساییەکان و پلەبەندیی وەزیفی تێدا نییە."
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، جارێکی دیکە دیوانی چاودێری دارایی بانگهێشت دەکەنەوە تاوەکو وەڵامی هەموو ئەو پرسیار و تێبینییانە بدەنەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستەیان کراوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانیشنی پەرلەمانی عێراق پوختەیەکی کورتیی راپۆرتی دیوانی چاودێریی بەسەر پەرلەمانتاران دابەشکرا، نەک تەواوی راپۆرتەکە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتی، "پوختەی راپۆرتەکە کەموکوڕی زۆری تێدا بوو، لە ئاست چاوەڕوانییەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران نەبوو، ئەوەی باسکرابوو 1٪ی ئەو گەندەڵییانە نییە کە لە عێراقدا هەیە، تەنانەت ئەو دۆسیەی گەندەڵیەی گەورەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بە دوو بۆ سێ دێر باسکراوە".
جەمال کۆچەر، گومانی لەوە هەبوو کە ئەوانە لە ژێر هەڕەشە نەتوانن هەموو شتێک باس بکەن، چونکە دەبێ بەتەواوی گیانیان پارێزراوبن. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێیوایە لەکۆتاییدا سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە.
هەر لەوبارەوە، رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێک لە راپۆرتەکان باس لە گەڕاندنەوەی حەوت ملیار یان 700 ملیۆن دینار دەکەن؛ ئەمە چ ژمارەیەکە لە چاو ئەو تریلیۆن دینارانەی کە بەهەدەر دەدرێن؟ هەندێک پڕۆژە هەبووە کە بەهۆی گەندەڵییەوە راگیراون، کەچی ئەم دامەزراوەیە پێشتر رەزامەندیی پێداوە و گوتوویەتی یەکێکە لە باشترین پڕۆژەکان."
شاکر مەحموود ناسراو بە ئەبوتوراب، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی و پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر، تۆمەتی قورستری ئاراستەی دیوانەکە کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەرکەوت دیوانی چاودێریی دارایی نەک تەنیا ئێستا، بەڵکو لە ساڵی 2003ـوە خۆی بەشێک بووە لە گەندەڵی. ئەمە ئەو دەستەیەیە کە دەبێت وردبینی لە سامانی گەل و بودجە بکات و هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکان بکات، کەچی بە هیچ جۆرێک خەمی ئەم بابەتەیان نەبووە."
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی چەند رۆژێکی کەمی لەبەردەمدایە تاوەکو راپۆرتی ورد و شەفاف لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی پێشکەش بکات، بەپێچەوانەوە پەرلەمان بڕیاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی دەدات.


.jpeg&w=3840&q=75)
