رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق جووڵە دیپلۆماسییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی چڕ دەکاتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دۆسیەی وزە و ئاو دەچێتە ئێران و تورکیا؛ هاوکات بەغدا کار بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت لە دەرەوەی تەنگەی هورمز دەکات.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وزە و ئابووری دەگاتە تاران.
بە گوتەی عەبوودی، دۆسیەی گاز و دابینکردنی وزە لە پێشینەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، ئەمەش بە ئامانجی جێگیرکردنی دۆخی کارەبا و پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی عێراق.
سەردانی تورکیا و پرسی ئاو
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە جووڵەکان تەنیا تاران ناگرێتەوە، بەڵکو بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرە بکات. لەو سەردانەدا، دۆسیەی ئاو و مسۆگەرکردنی پشکی ئاوی عێراق تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا.
سندووقی هاوبەشی عێراقی - ئەڵمانی
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئارەزووی بەغدای بۆ فراوانکردنی بازاڕەکانی و هاتنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەڵمانیا نیشانداوە. عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت هەوڵی دامەزراندنی سندووقێکی هاوبەشی عێراقی - ئەڵمانی دەدات بۆ پارەدارکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان. لای خۆشیەوە راوێژکاری ئەڵمانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییە ئابوورییەکانی بەغدا دەربڕیوە و بانگهێشتی زەیدی کردووە بۆ سەردانی بەرلین.
رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق
گوتەبێژی حکومەت روونیکردەوە کە بەغدا بە هاوکاریی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و لەسەر بنەمای رێککەوتنەکانی واشنتن، نەخشەڕێگەیەکی بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق داناوە. ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ئەم تێگەیشتنانە و واژۆکردنی گرێبەستەکان رەنگە ساڵێکی پێ بچێت تاوەکو رەوانەکردنی نەوت بەشێوەیەکی بێ کێشە مسۆگەر بکرێت.
چەک و گەندەڵی؛ هێڵە سوورەکان
لەبارەی ناوخۆی عێراقەوە، حەیدەر عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت لە شەڕی دژی گەندەڵی بەردەوامە و "هیچ لایەنێک پارێزبەندیی نییە".
سەبارەت بە پرسی چەکیش، گوتەبێژی حکومەت گوتی: "کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی لەدەستی دەوڵەتدا، پرسێکی نیشتمانیی سەروەرییە و لە هیچ پایتەختێکی دەرەوەی بەغدا گفتوگۆی لەسەر ناکرێت."
عەبوودی باسی لەوەش کرد حکومەت کار دەکات بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران و دەستپێکردنی کارەکانی "سندووقی پەرەپێدان" بە بەشداریی بانکی ناوەندی، کە ئامانجی بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵاتە.

