رووداو دیجیتاڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوی فەرمی چوار پرسیار ئاراستەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەکات لەبارەی ژمارەی ئەو دۆسیانەی کە لە سێ ساڵدا لەو دەستەیەوە دراونەتە دادگە و چەند پارەی گەندەڵی گەڕێنراوەتەوە و چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی زیادبوونی ناڕەوای موڵک و ماڵدا کراوە. پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد و چوار پرسیاری ئاراستە کردووە تاوەکو وەڵامیان بدرێنەوە. یەکێک لە پرسیارەکان لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەیە کە رێوشوێنەکانیان چی بووە لەبارەی ئەنجامی فۆرمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان، ئەوانەی پەیوەندیدارن بە زیادبوونی پارە و تێکەڵبوونی سەروەت و بەدەستهێنانی ناڕەوای پارە. بەگوێرەی یاسای دەستەی دەستپاکیی عێراق، ساڵانە هەموو بەرپرسێک کە لە بەڕێوەبەری گشتییەوە بەرەو سەر بێت، پێویستە فۆرمێک پڕ بکاتەوە و تەواوی پارە و موڵک و ماڵەکانی تێدا تۆمار بکات و رادەستی دەستەکەی بکات بۆ ئەوەی لە کۆتایی ساڵدا وردبینیی تێدا بکرێت، ئەگەر بە شێوەیەکی نائاسایی زیاد بووبێت رووبەڕووی رێکاری یاسایی بکرێتەوە. پرسیارێکی دیکەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ئەوەیە؛ ژمارەی ئەو هەواڵدانانە چەند بوون کە لە ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 بە دەستەکە گەیشتوون، لەگەڵ ئەوانەی کە رێکاری دادوەرییان لەبارەوە گیراوەتەبەر. یەکێکی دیکە لە پرسیارەکان ئەوەیە کە لە ماوەی سێ ساڵدا (2023 بۆ 2025) چەند دۆسیەیان ئاراستەی دادگە کردووە و بڕی ئەو پارانە چەند بووە کە بەهۆی ئەو دۆسیانەوە گەڕێنراونەتەوە. چوارەم پرسیاری عەدنان فەیحان ئەوەیە کە تێبینی و ڕاسپاردەکانی دەستەکە چۆن بوون لە رووی یاسادانانەوە بۆ پەرەپێدانی رێکارەکانی بنبڕکردنی گەندەڵی.
عێراق23-07-2026گەرمای عێراق پەرلەمانی ناچار کرد کار بۆ رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل تا رێژەی 20٪ بەخۆڕایی بکرێت
عێراق23-07-2026جەمال کۆچەر: وەزیری دارایی عێراق پێی گوتین پارەم نییە؛ عێراق لە دۆخێکی دارایی سەختدایە