رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، نزیکەی 11 هەزار کارمەندی وەزارەتەکە دەخرێنە بەر پرۆگرامی نەهێشتنی نەخوێندەواری و وەزیری پەروەردەش ئاماژە بەوە دەکات، دەیانەوێ وەزارەتی ناوخۆ ببێتە یەکەم وەزارەت کە "نەخوێندەواریی تێدا نەمێنێت."
حوسێن عەوادی، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 11 هەزار کارمەندی وەزارەتەکەیان لە پرۆگرامی نەهێشتنی نەخوێندەواری سوودمەند دەبن.
گوتەکانی حوسێن عەوادی لە یەکەمین کۆنفرانسی دەزگای جێبەجێکردنی نەهێشتنی نەخوێندەواریدا بوون کە رۆژی شەممە، 26ی تەممووزی 2026، بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی رێکخرابوو.
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق پشتگیریی تەواوی وەزارەتەکەی بۆ پرۆگرامەکە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هەموو تواناکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە تەرخان دەکەن، ئەوەش لە رێگەی ئامادەکردنی ناوەندی خوێندن، دابینکردنی ئاسانکارییە پێویستەکان و هاوئاهەنگیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی کارمەندانی وەزارەت.
هەر لەوبارەوە عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە و سەرۆکی دەستەی باڵای نەهێشتنی نەخوێندەواریی عێراق گوتی، بەشداریکردنی ئەو 11 هەزار کارمەندەی وەزارەتی ناوخۆ لە پرۆگرامەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەستی پێکردووە.
وەزیری پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دەستپێشخەرییە دەبێتەهۆی بەهێزکردنی هاوبەشی لەنێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و هیوای خواست وەزارەتی ناوخۆ ببێتە یەکەم دامەزراوەی حکومی کە بە فەرمی "خاڵیبوون لە نەخوێندەواری" لەنێو کارمەندەکانیدا رابگەیێنێت.



