رووداو دیجیتاڵ 58 فەرمانبەری دیوانی پارێزگای سەلاحەدین ناویان لە دۆسیەی جیاوازی گەندەڵیدا هاتووە کە بەشێکیان پەیوەندیدارن بە ساختەکردنی پسوولەی ئیفادی فەرمانبەرانەوە و بڕیارە سێشەممە راپۆرتێک لەبارەى دۆسیەکانى گەندەڵى پارێزگاکەوە پێشکێش بکرێ. خۆڕادەستکردنی کامل عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە دەزگا ئەمنییەکان، پەردەی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لادا کە دەستەی دەستپاکی لەو پارێزگایە دەستیپێکردووە. یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆسیەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن تایبەتە بە ساختەکردنی پسوولەی ئیفادی فەرمانبەران، ئەو کاتەی جێگری پارێزگار بووە." کامل عەباس تاوەکو ساڵی 2023 جێگری پارێزگای سەلاحەدین بوو، دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بووە ئەندامی ئەنجوومەنەکە لەسەر پشکی هاوپەیمانیی عەزم. یاسین داودی گوتی: "هێندەی ئاگادار بم 28 فەرمانبەری دیوانی پارێزگا لەسەر ئەو دۆسیەی گەندەڵییە دەستگیرکراون." نووسینگەی سەلاحەدینی دەستەی دەستپاکی عێراق سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە دەکات لە دۆسیەکانی گەندەڵیی حکومەتی خۆجێیی ئەو پارێزگایەی دەرکەوتوون. تارا داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:"58 فەرمانبەری دیوانی پارێزگا بە دۆسیەی جیاوازی گەندەڵییەوە گلاون. هەندێکیان دۆسیەکانیان تایبەتە بە گەندەڵی لە پڕۆژە و مامەڵە فەرمییەکان و رۆژانە زانیاریی نوێ و شتی سەیر لەبارەی دۆسیەی گەندەڵی لە سەلاحەدین ئاشکرا دەبن." سەلاحەدین پارێزگایەکی زۆرینە سوننەیە و ئەو پێکهاتەیە هەژموونی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکەیان بەدەستەوەیە. تارا داوودی راگەیاند کە بڕیارە سێشەممە (28ی تەممووز) ئەنجوومەنی پارێزگا کۆببێتەوە و لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنەکە راپۆرتێک لەبارەی ئەو دۆسیانەی گەندەڵی لە سەلاحەدین پێشکێش بکات.