رووداو - دیجیتاڵ
دادگەی لێکۆڵینەوەی نەجەف، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە خۆی وەک فەرمانبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناساندووە، بە مەبەستی وەرگرتنی پارە لە بەرپرسانی پارێزگاکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کە ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتبارەکە بە تەلەفۆن بە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی نەجەفی گوتووە: "ئێستا لە کۆبوونەوەدام لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ واژۆکردنی چەند نووسراوێک، ناوی تۆش لە لیستی ئەو کەسانەدایە، کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە."
دادوەری لێکۆڵینەوەی نەجەف دەڵێت، تۆمەتبارەکە داوای بڕێک پارەی لە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرە کردووە، بەرامبەر بەوەی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ هەڵبوەشێنێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو تۆمەتبارە پێشتریش بە هەمانشێوە هەڕەشەی لە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە کردووە و پارەی لێ وەرگرتوون.
لەبارەی رێکارە یاساییەکان، دادگەکە رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان، تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و دانپێدانانەکانی تۆمارکران، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رەوانەکردنی بۆ دادگەی تایبەتمەند تاوەکو بەگوێرەی یاسا سزا بدرێت.


