رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای عێراق لە پەرلەمانی عێراقەوە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبای وڵاتەکەی بۆ هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاندەوە و رایگەیاند، کۆرمۆر پارێزراو بێت 1600 مێگاوات کارەبایان زیاد دەکات. پەرلەمانی عێراقیش 8 بڕیاری نوێ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا و چاودێریکردنی وەزارەتی کارەبا دەردەکات.
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی2026، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی، بە ئامادەبوونی 210 پەرلەمانتار میوانداریی عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراقی کرد. پرسی خراپیی دۆخی کارەبای تاوتوێ کرد؛ وەزیری کارەبا هۆکاری کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای روونکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا رایگەیاند، عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە پێویستی بە 60,000 مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا سێیەکی ئەو بڕە بەرهەم دەهێنرێت. ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە 27,000 مێگاواتەوە بۆ 22,000 مێگاوات دابەزیوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە دابینکردنی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە وەستاوە، ئەگەر ئاسایشی کێڵگەکە بپارێزرێت دەتوانرێت 1600 مێگاوات کارەبا لەوێوە بەدەستبهێنرێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وەستانی گازی هاوردە و سووتانی وێستگەی عەممارە بوونەتە هۆی لەدەستدانی 3000 مێگاواتی دیکە. گوتیشی: "60%ـی کارەبا بەهۆی سەرپێچیی سەر تۆڕەکان و کۆنیی هێڵەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت".
وەزیری کارەبا باسی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد و رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ کراوە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دانەوەی قەرزی گازی ئێران؛ شاندێکی حکومی سەردانی ئەنقەرەی کردووە بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ تورکیا بە بڕی 600 مێگاوات، کار دەکرێت بۆ بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی سعودیە و کوێت و ئامانج ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 ئاستی بەرهەمهێنان بگەیێندرێتە 35,000 مێگاوات.
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی" هۆکاری بەهەدەردانی ئەو بودجە زەبەلاحانەن کە بۆ کارەبا تەرخان کراون. فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش جەختی لە گرنگیی پلاندانانی ستراتیژی و چاکسازی لە کەرتی دابەشکردن و گواستنەوەدا کردەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی پەرلەمان کە پشتئەستوورە بە ماددەکانی 61ـی دەستوور و یاسای پەرلەمان، پەرلەمان هەشت راسپاردەی ئاراستەی وەزارەتەکانی کارەبا، نەوت و بانکی ناوەندی کردووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کارەبا، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەم: هەڵدانەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی: پەرلەمان بڕیاری دا سەرجەم دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی کارەبا لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئێستا هەڵبدرێنەوە و هەموو سەرپێچییەکان رەوانەی دەستەی دەستپاکی و دادگە بکرێن.
دووەم: پلانی ساڵانە پێش هاوین: وەزارەتی کارەبا پابەند دەکرێت پێش وەرزی هاوین پلانێکی ورد پێشکەش بکات کە تێیدا رێژەی جێبەجێکردن و کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکان دیاری کرابێت و لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
سێیەم: پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان: پێویستە پێداچوونەوە بەو گرێبەست و پڕۆژانەدا بکرێت کە بەبێ کێبڕکێ واژۆ کراون یان لە رووی ئابوورییەوە بێسوودن، رێکاری یاساییش بەرانبەر ئەوانە بگیرێتەبەر کە بوونەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی.
چوارەم: هاندانی وزەی خۆر: پەرلەمان داوای جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی دەکات بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی وزەی خۆر لە ماڵان، کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی پەستان لەسەر تۆڕی نیشتمانی.
پێنجەم: قەرزی بێ سوود بۆ هاووڵاتییان: بانکی ناوەندی عێراق راسپێردراوە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکان، دەسپێشخەرییەک بۆ پێدانی قەرزی ئاسان و بێ سوود یان بە سوودێکی کەم بۆ ئەو هاووڵاتییانە رابگەیێنێت کە دەیانەوێت سیستەمی وزەی خۆر لە ماڵەکانیاندا جێگیر بکەن.
شەشەم: بەستنەوەی وزەی خۆر بە تۆڕی نیشتمانی: وەزارەتی کارەبا پابەند دەکرێت بە دانانی میکانیزمێکی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ ئاسانکاریی بەستنەوەی سیستمی وزەی خۆری ماڵان بە تۆڕی نیشتمانیی کارەباوە.
حەوتەم: دابینکردنی سووتەمەنی، وەزارەتی نەوت پابەند دەکرێت بە دابینکردنی سووتەمەنی پێویست و تەواو بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
هەشتەم: لیژنەی چاودێری: لیژنەیەکی هاوبەش لە چەند لیژنەیەکی پەرلەمانی (کارەبا، دارایی، پلاندانان، وەبەرهێنان، نەوت، خزمەتگوزاری و دەستپاکی) پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و بەرزکردنەوەی راپۆرتی دەوری بۆ پەرلەمان.

