رووداو دیجیتاڵ
لە ماڵی بەرپرسێکی پێشووی پارێزگای سەلاحەدین دەست بەسەر 2.5 ملیار دیناردا گیرا، کە لەسەر دۆسیەیەکى گەندەڵى دەستگیر کراوە، چەند موڵکێکیشی ئاشکرا بووە کە کردوویەتی بەناوی ژنەکەیەوە.
سێشەممە 28ی تەممووزی 2026 دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی بڵاوکردەوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو 2.5 ملیار دینارە لە ماڵی بەرپرسێکی پێشووی هۆبەی ژمێریاریی پارێزگای سەلاحەدین بووە، کە ئێستا خۆی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا شەش موڵکی وەبەرهێنانیان بۆ ئاشکرا بووە، کە بەناوی ژنى ئەو بەرپرسەی سەلاحەدینەوە بووە.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، دۆسیەی گەندەڵیی ئەو بەرپرسە پەیوەستە بە دروستکردنی چەکی بانکی و خەرجکردنی جیاوازیی مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە، کە وەسڵی وەهمیی تێدابووە.
ئەو بەرپرسە بەگوێرەی مادەی 340ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە، کە پەیوەندیدارە بە تاوانی بردنى پارەى دەوڵەت لەلایەن فەرمانبەری حکومەت و سزاکەی دەگاتە 7 ساڵ بەندکردن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، 58 فەرمانبەری دیوانی پارێزگای سەلاحەدین ناویان لە دۆسیەی جیاوازی گەندەڵیدا هاتووە، کە بەشێکیان پەیوەندیدارن بە ساختەکردنی پسوولەی ئیفادی فەرمانبەرانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەممووزی 2026 لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین راپۆرتێک لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵیی پارێزگاکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا دەخاتەڕوو.
.jpg&w=3840&q=75)


