رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدری عێراق، سەرکۆنەی هێرشەکانی سعودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت:"پێویستە حکومەتی عێراق پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ واشنتن بکات."
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، هادی عامری لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە ناوی بردن بە "دەستدرێژیی ناڕەوا بۆسەر سەروەریی عێراق و هێزە چەکدارەکانی؛" راشیگەیاند، ئەم هێرشەی سعودیە بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی.
هادی عامری داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستێکی "تووند و یەکلاییکەرەوە" پیشان بدات، چونکە بە گوتەی ئەو، حەشدی شەعبی رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پاراستنی ئاسایش و راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر رەخنەی تووندی لە سعودیە گرت و رایگەیاند، عێراقییەکان بەم هەڵوێستەی وڵاتێکی دراوسێ سەرسام بوون، چونکە بەغدا هەمیشە دەستی برایەتی بۆ درێژکردووە.
هادی عامری سعودیەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ساڵانی رابردوودا رێگەی داوە "هەزاران خۆکووژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو" لە خاکی ئەوانەوە بێنە نێو عێراق و خوێنی خەڵک بڕێژن.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوەش کرد، سعودیە دەیەوێ بەم رەفتارە "فیتنەی شەڕ" هەڵگیرسێنێت و رۆڵی عێراق لە ناوچەکەدا بچووک بکاتەوە.
سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکاش، هادی عامری رایگەیاند: "ئەم رەفتارە دووژمنکارانەیە وادەکات پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ هەموو رێککەوتنەکان لەگەڵ ئەمریکا بکرێ، لە پێش هەمووشیانەوە رێککەوتنی ئەمنی، تاوەکو شکۆ و سەروەریی عێراق بپارێزرێ."
ئەم هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا و سعودیە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بارەگاکانی حەشدی شەعبیان لە هەشت پارێزگای عێراق کردە ئامانج. هێزە چەکدارەکانی رێکخراوی بەدر پشکی شێریان لە زیانە گیانی و مادییەکانی ئەو هێرشانە بەرکەوتووە.



