رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی 43ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشی لە لە گەلی کورد، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی کرد.
عەلی زەیدی رایگەیاند، "43یەمین ساڵیادی تاوانی رژێمی بەعس دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، بەسەر بیرەوەری گەلی عێراق بە گشتی و گەلی کوردمان بە تایبەتی تێدەپەڕێت؛ ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرکوتکاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە، و بڵاوکردنەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ و ترس و تۆقاندن، لە کۆتاییدا شکستیهێنا لە شکاندنی ئیرادەی گەلی عێراقمان کە ستەمکاری و دیکتاتۆریەتی رەتدەکردەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئێمە لە کاتێکدا سەرەخۆشی لە گەلی کوردمان و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە پێشەنگیاندا بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەین بەم بۆنە بەئازارە، شانازی خۆمان بەو قوربانییە گەورانە دەردەبڕین کە لەگەڵ قوربانیدانی عێراقییەکان لە هەموو پێکهاتەکان، بەشداربوون لە هەڵاتنی خۆری ئازادی و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراسی فیدراڵمان، کە تێیدا هەمووان بە مافە دەستوورییەکان و کەرامەت و ڕێزەوە بەهرەمەند دەبن".
عەلی زەیدی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، "جەخت لەسەر بەردەوامی کاری نیشتمانی دڵسۆزانە دەکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگەکان، لە پێناو عێراقێکی بەهێز و ئازاد و خاوەن سەروەری تەواو".



.jpg&w=3840&q=75)