رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی پەرلەمانتارێک، پێنج ئەفسەر لە هەڵمەتێکی دژە گەندەڵیدا لە کەرکووک دەستگیرکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دوای چلە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی سەردانی پارێزگاکە دەکات.
کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 31ـی تەممووزی 2026، هەڵمەتێکی دژە گەندەڵی لە کەرکووک بەڕێوەچوو. مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "بابەتی گەندەڵی لە کەرکووک گەیشتووەتە پەرلەمان و بڕیاردراوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێ کە ناویان لە دۆسیەکاندا هاتووە."
مازن غەریب ئاماژەی بەوە کرد، وەک لیژنەی ئاسایش و بەرگری بڕیاریان داوە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیەدا، سەردانی کەرکووک بکەن و گوتی: "هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک ناوی لە دۆسیەی گەندەڵیدا بێت، چاوپۆشی لێناکرێ و لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە."
بەگوتەی مازن غەریب، ئەو پێنچ ئەفسەرە باڵایەی دەستگیرکراون، دووانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووکن و سێ کەسەکەی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نێوخۆ و ئەمنی کەرکووکە.
مازن غەریب دەڵێ، ئەم ئەفسەرانە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و خۆیان رادەست کردووە.



