رووداو دیجیتاڵ وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە خەرجکردنی بڕی 80%ی داهاتی وەزارەتەکەی بۆ جومگەکانی ئەو وەزارەتە راگیراوە، هەرچەندە تەنیا 2.5% بۆ 5%ی خەرجیی بەکارخستنی وەزارەتەکەی پڕ دەکردەوە و ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان نەماوە، کە بۆ نۆڕینگەکانیان لەو داهاتانە تەرخانی بکەن. عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی دارایی وەزارەتەکەی و پارەدارکردنى خزمەتگوزارییەکانی بڵاوکردەوە. وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2022 بۆ 2023، نزیکەی 80%ی داهات و رسووماتی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو وەزارەتە خەرج دەکرا و 20%ی وەک داهات دەدرایە وەزارەتی دارایی، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2026 کە یاسای بودجە تەواو بووە، هیچیان لەو بڕە پارەیە بۆ خەرج نەکراوە. عەبدولحوسێن موسەوی رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی لە داهات و رسومات وەریان دەگرت، 2.5% بۆ 5%ی خەرجییەکانی بەکارخستنی وەزارەتەکەی دابین دەکرد. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی عێراق، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا خەرجییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق 2.8 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی پاردا زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار بووە، بەوپێیە خەرجییەکانی وەزارەتەکە زیاتر لە دوو ملیار دینار کەمی کردووە. وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەم دواییە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردراوە کە 50%ی داهاتی وەزارەتەکەیان بۆ خەرج بکرێتەوە و چاوەڕێی ئەوەن دەستبەجێ جێبەجێکردنی دەستپێبکات. عەبدولحوسێن موسەوی گوتی: "ئەگەر رێژەی 80%ی داهاتەکان کە بۆ وەزارەتەکە تەرخان کرابوو تەنیا 2.5% بۆ 5%ی خەرجییەکانی دابین بکردایە، ئەگەر ببێتە 50% دۆخەکە چۆن دەبێت؟ لەکاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا رێژەی تەرخانکردنەوەی داهات بۆ هەندێک مانگ دەگەیشتە 12%." ئەو وەزیرەی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوەش دا، 10%ی داهاتی نۆڕینگەکانیان بۆ خەرج کراوە، کە مانگانە 700 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ئەو بڕە پارەیەش بڕدراوە و ناتوانن هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو نۆڕینگانە خەرج بکەن.