رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیێنێت، تای خوێنبەربوون بووەتە نەخۆشییەکی جێگیر لە وڵاتدا و هۆشداری دەدات کە چالاکیی نەخۆشییەکە لەنێوان مانگی نیسان تاوەکو ئەیلوول دەگاتە لووتکە.
رۆژی یەکشەممە، دووی ئابی 2026، محەممەد عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان لە بە سێ شێواز کار دەکات بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، کە گرنگترینیان "هەڵمەتی دەرمانڕێژکردنی ئاژەڵان و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە."
بەگوتەی محەممەد عەزیز، وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵانە دوو هەڵمەتی گەورەی دەرمانڕشتنی خۆڕایی بۆ لەناوبردنی (گەنە) ئەنجام دەدات، کە گوێزەرەوەی سەرەکیی ڤایرۆسەکەیە؛ "هەڵمەتی بەهارە کە لە 1ـی نیسانەوە دەستپێدەکات و مانگێک دەخایەنێت، هەروەها هەڵمەتی پاییزەکە لە یەکیـی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات. ئەم هەڵمەتانە هەموو پارێزگاکان، قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی ئاژەڵی لێ بەخێو دەکرێت."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ، 145کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 9 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ چەند رێنماییەکی تەندروستی ئاراستەی ئاژەڵداران، گۆشتفرۆش و کابانانی ماڵ دەکات، ئەوانیش:
- بەکارهێنانی دەستکێش لەکاتی دەستلێدان لە گوشت، "ئەمە ئەگەری تووشبوون بە رێژەی 70٪ کەمدەکاتەوە."
- دوای پارچەپارچەکردنی گوشت، "پێویستە لانیکەم بۆ ماوەی حەوت کاژێر لەناو ساردکەرەوە دابنرێت، ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشەڵۆک لەناو گوشتەکەدا و ڤایرۆسەکە لەناو دەبات."
- ڤایرۆسەکە بە چاو نابینرێت، بۆیە پێویستە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئاژەڵێکدا بکرێت وەک ئەوەی تووشبوو بێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ داوای لە حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکان کردووە، بە تووندی رێگری لە دیاردەی "سەربڕینی هەڕەمەکیی ئاژەڵ" لەسەر شەقامەکان و نێو کۆڵانەکاندا بکەن و پرۆسەکە تەنیا لە سەربڕخانە فەرمییەکاندا بێت.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی کوشندەیە، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و نیشانە سەرەکییەکانی بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و خوێنبەربوون لە کۆئەندامە جیاوازەکانی جەستە.
.jpg&w=3840&q=75)


