رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، پاسەوانی سنووری عێراق دەستی بەسەر 4.5 ملیۆن دەنک حەبی کاپتاگۆندا گرتووە، هەوڵدراوە بە باڵۆن ببرێنە سنووری عێراقەوە، بە گوتەى سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار ئەو رێگەیە لەدواى رووخانى دەسەڵاتى پێشووى سووریاوە پەناى بۆ براوە.
بەگوێرەی ئامارێک کە تۆڕی میدیایی رووداو لە پاسەوانی سنووری عێراقەوە دەستی کەوتووە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، ئەو هێزە دەستی بەسەر 4.5 ملیۆن دەنک حەبی کاپتاگۆندا گرتووە، کە هەوڵدراوە لە رێگەی باڵۆنەوە بە قاچاخ ببرێتە بیابانی ئەنبار و نەجەف.
کاپتاگۆن حەبێکی هۆشبەرە کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە کارگەی بچووکدا بەرهەمی دەهێنن.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆرینەی ئەو کاپتاگۆنانەی بە باڵۆن دەگوێزرێنەوە و دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لە سنووری سووریاوە بەرەو عێراق ئاراستە دەکرێن، تەنیا لە مانگى تەممووزى رابردوودا دەست بەسەر زیاتر لە چوار هەزار حەبى کاپتاگۆندا گیراوە، هەوڵدراوە بەو رێگەیە بە قاچاخ ببرێتە بیابانى روتبە لە ئەنبار".
یەکێک لە بەرپرسانی پاسەوانی سنوور لەبەر هەستیاری پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە (رووداو)ی گوت: "ئەو باڵۆنانەی کاپتاگۆنیان پێ دەگوازرێتەوە، زیاتر بە رۆژ هەڵدەدرێن و بە بەرزیی 200 مەتر دەڕۆن؛ جی پی ئێس-یان پێوەیە بۆ ئەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دواتر بتوانن بیدۆزنەوە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "یەکەکانی پاسەوانی سنوور کە باڵۆنەکان دەبینن، دەیانخەنە خوارەوە."
بەشێک لەو کاپتاگۆنەی لە عێراق دەگیرێت، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە ناوخۆدا دەیفرۆشنەوە و هەوڵ دەدەن بەشەکەی دیکەی ببەنە وڵاتانی دیکە، لەوانە وڵاتانی کەنداو.
سەعد غازی دەڵێت، دوای رووخانى دەسەڵاتى پێشووى سووریا لە (8-12-2024 ) و تووندکردنەوەی سنوورى عێراق لەلایەن سوپاوە، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر پەنایان بۆ بەکارهێنانی باڵۆن بردووە، تاوەکو ماددەی هۆشبەری پێ بگوازنەوە.




