رووداو دیجیتاڵ
بەرەی موقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیاری وەڵامدانەوەی سەربازیی دژی سعوودیە و ئەمریکا کە بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی ئەنجامبدرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە. بەرەی موقاوەمە ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم بڕیارە دوای بانگەوازێکی هادی عامری و چەند سەرکردەیەکی سیاسیی دیکە هاتووە.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، موقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی حاجی موجاهید ئەبو حەسەن عامری (هادی عامری) و لەبەر هەڵوێستی هەندێک لە سەرکردە سیاسییە خاوەن شکۆکانمان، بڕیارماندا ئەو وەڵامدانەوەیەی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ 23ـی سەفەر (7ـی ئاب) ئەنجامبدرێت، دوابخەین."
بەرەی موقاوەمە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "خوێنی پاکی شەهیدان، کاڵا نەبووە و ناشبێتە کاڵا لە بازاڕی هاوسەنگییە سیاسییەکاندا."
هەروەها رەخنەی تووندی لەو بەرپرسانە گرتووە کە بەگوتەی ئەوان "بێدەنگن بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" و ئاماژە بەوەدەکات کە "بانگەوازی ئەوانە دەکەین کە کورسیی دەسەڵات کوێریکردوون لە پاراستنی خوێن و سەروەرییە پێشێلکراوەکەمان، با بێنەوە سەر هۆش و رەوشتی خۆیان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، موقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەکات و دەڵێت، "با دوژمنی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بزانن کە خوێنی شەهیدان و بریندارەکانمان، سووتەمەنیی خۆڕاگریمانە."
بەرەی موقاوەمە رایگەیاندووە کە چیدیکە متمانەیان بە رێگەی دیپلۆماسی و راگەیێندراو نییە و باس لەوەدەکات کە سەروەریی وڵات بە "راگەیێندراوی شەرمنانە" ناگەڕێتەوە، "بەڵکو بە مستی ئەو وەفادارانە دەگەڕێتەوە کە سازش لە پیرۆزیی خاک و شکۆی شەهیدان ناکەن."
لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعوودیە لە بەرەبەیانی 29ـی تەممووز، ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە 6 پارێزگای عێراق و کەرکووک بۆردوومانکران و لە ئەنجامدا 18 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 20ـی دیکە برینداربوون.
دوای هێرشەکە، گرووپی موقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، 7ـی ئابی دیاریکرد وەک دوایین وادە بۆ حکومەتی عێراق لەبارەی کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشەکانی سعوودیە و ئەمریکا.
بەرەبەیانی هەینی، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر لە بانگەوازێکدا داوای لە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق کرد، کاردانەوەکانیان بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە دوابخەن و بەڵێنیپێدان کە لە "رێگەی دیپلۆماسییەوە بەدواداچوون بۆ مافی شەهید و بریندارەکان"ـی ئەو هێرشانە دەکات.
شەوی رابردووش هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێکاری ئەمنیی تووندیان لە بەغدا گرتەبەر لەدوای ئەوەی بە فەرمانی عەلی زەیدی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان خرانە دۆخی ئامادەییەوە.


