رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێ، بودجەی چاپکردنی پەرتووکی ئەم ساڵیان بۆ یەک لەسەر سێ کەم کردووەتەوە. پەرلەمانتارێکی پێشوویش دەڵێ، "تەنیا 4٪ـی پەرتووکەکان لە نێوخۆ چاپ دەکرێن."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی تایبەتیان بۆ پشکنینی مەیدانیی چاپخانەکان پێکهێناوە تاوەکو دڵنیا بن لە کواڵیتیی پەرتووکەکان؛ راشیگەیاند، "بودجەی ئەم ساڵ بۆ چاپکردنی پەرتووک تەنیا یەک لەسەر سێی ئەو بودجەیەیە کە لە ساڵانی رابردوودا تەرخان دەکرا، ئەوەش بەهۆی پەیڕەوکردنی رێکاری دووبارە بەکارهێنانەوەی پەرتووکەکان."
ئەمیر مەعمووری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، رۆژی شەممە، 8ـی ئابی2026، بە رووداوی راگەیاند، "چاپخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە تەنیا 4٪ـی کاری چاپکردنی پەرتووکەکان دەکەن. ئەوی دیکە دەدرێتە کۆمپانیایەک لە دەرەوەی عێراق بە ناوی (وەراق)، ئەمە لە کاتێکدایە چاپخانەکانی وەزارەت خۆیان هەموو توانایەک و ئامێری چاپی پێویستیان هەیە."
هاوکات سەڵاح مەهدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای نەهرێنی نیشتمانی بە رووداوی گوت، "ئێمە تاوەکو ساڵی 2025 نزیکەی 50 ملیۆن کتێبمان چاپ کردووە. تەنیا ئێمە نین کە پەرتووکی خوێندن چاپ دەکەین، بەڵکو چاپخانەکانی کەفیل و سەباحیش بەشدارن."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق جەختی کردەوە کە پابەندن بە تەواوکردنی پرۆسەی چاپکردن بەر لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن.


