رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گرفت لە وردبینیی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە هیچ تێبینییەکیان لەسەر ئەو پرسە بەدەست گەیشتبێت.
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆربەی وەزارەت و دامودەزگا فیدراڵییەکان مووچەی مانگی تەممووزیان وەرگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا بەشێک لە فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا، تەندروستی و هەروەها پەرلەمانتارانی عێراق مووچەکانیان وەرنەگرتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت: "ئەوانەی ماون سبەی مووچەکانیان وەردەگرن و وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیداوە کە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات."
بەڵام سەرۆکی لیژنەی دارایی گوتی: "هەندێک گرفت لە پڕۆسەی وردبینیی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە و دوای تەواوکردنی ئەو وردبینییە مووچە خەرج دەکرێت."
بە گوتەی عودەی عەواد: "لە چەند رۆژی داهاتوودا" مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "22ـی مانگی رابردوو لیستی مووچەی مانگی تەممووزی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە و تیمەکەمان شەو و رۆژێک لە بەغدا مانەوە، بەڵام هیچ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێنەگەیشتووە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، تاوەکو ئەمڕۆش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تێبینییەکیان لەسەر لیستی مووچە پێنەگەیشتووە.
13ـی تەممووزی 2026، لیستی مانگی حوزەیرانی مووچەی فەرمانبەران بڵاوکرایەوە. 15ـی تەممووزی 2026 یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچە بوو و لە سێ رۆژدا مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت.



