رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق دوای دەستگیرکردنی ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، یەکێک لە کەسە نزیکەکانیان بە تۆمەتی گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی پارەی گرێبەستەکان لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی پارێزگای سەلاحەدین، یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "درەنگی شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنیی محەممەد هەجەف، کە یەکێکە لە کەسە هەرە نزیکەکانی ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، دەستگیرکردووە."
سەرچاوە ئەمنییەکە راشیگەیاند: "ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە دێت کە گومان دەکرێت محەممەد هەجەف دەستی بەسەر بڕێکی زۆر پارەی گرێبەستە حکومییەکانی پارێزگای سەلاحەدیندا گرتبێت."
سەرچاوەیەک لە دەزگای دژەتیرۆری عێراق شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستگیرکردنەکەی ئەبو مازن لە بەغدا بووە و پەیوەندی بە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە هەیە کە لەلایەن دادگەوە فەرمانی بۆ دەرچووە.
دوای هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە، فەرماندەیی پۆلیسی سەلاحەدین، بەبێ ئەوەی ناوی تۆمەتبارەکە ئاشکرابکات، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان لە بازگەی "شەهید عەبدوڵڵا جەبارە" تۆمەتبارێکی داواکراویان بە تۆمەتی گەندەڵی لە ماوەیەکی پێوانەییدا دەستگیرکردووە.
پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت: "ئەم ئۆپەراسیۆنە وەڵامێکە بۆ فەرمانی دادگە و بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی هەموو ئەو کەسانەی سامانی گشتیی بەهەدەر دەدەن."
لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ دەستگیرکراوەکان دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو پارانەی لە گرێبەستەکاندا براون و ئاشکراکردنی هەموو ئەو لایەنانەی لەم دۆسییانەدا تێوەگلاون.
ئەبو مازن کێیە؟
ئەحمەد عەبدوڵڵا عەبد خەڵەف جبووری، کە بە (ئەبو مازن) دەناسرێت، لە ساڵی 1968 لە ناحیەی حەجاج لە پارێزگای سەلاحەدین لەدایکبووە.
وێستگە گرنگەکانی ژیانی سیاسی:
چەندین ساڵ پارێزگاری سەلاحەدین بووە و دواتریش وەک پەرلەمانتار نوێنەرایەتیی ئەو پارێزگایەی کردووە.
لە ساڵی 2014 لە کابینەکەی حەیدەر عەبادی، پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکانی وەرگرت.
ئەمینداری گشتیی حیزبی جەماوەری نیشتمانییە، کە یەکێکە لە حیزبە کاریگەرەکانی سوننە و خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزە لە سەلاحەدین، کەرکووک و نەینەوا.
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 2023، ئەبو مازن بەربژێری سەرەکی بوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین، بەڵام بەهۆی بوونی تۆماری تاوانکاری و رەتکردنەوەی لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، نەیتوانی مەرسوومی کۆماری وەربگرێت و ناچار بوو کەسێکی نزیک لە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکات.


