رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم، دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق تۆمەتبار دەکات بە هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى پاکتاوى نێوانیان و دەڵێت، ئەو کارە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە. داواش لە سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات دەستوەردان بکات و مافیان بۆ بگێرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ى ئابى 2026، کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، بەگوێرەى راسپاردەى لیژنەیەکى حکومى کە سەرۆکوەزیرانی پێشووى عێراق لە ساڵى 2025 رەزامەندى لەسەر داوە، تاوەکو پاکتاوکردن لەنێوانیان بکرێت و لەبەرامبەردا گرێبەستى کارکردن بە خزمەتگوزارى نەوەى چوارەمیان پێ بدرێت، بەڵام تاوەکو 2ى حوزەیرانى ئەم ساڵ چەند نووسراوێک لەنێوانیان ئاڵوگۆڕکراوە بەبێ ئەوەى بەربەستەکانى بەردەم واژۆکردنى گرێبەستى کارپێکردن بە خزمەتگوزارییەکە چارەسەر بکرێن و بەهۆیەوە دەستەکە گرێبەستى پاکتاوکردنەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاندووە، سەرۆکى جێبەجێکارى ئەو دەستەیە دەسەڵاتى ئەوەی نییە گرێبەستى پاکتاوکردنەکە هەڵبووەشێنێتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتى باڵاترەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
کۆمپانیاکە داوا لە سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات دەستوەردان بکات و ماف بۆ کۆمپانیاکەیان بگێڕێتەوە و بەردەوامیش دەبن لە بەرگریکردن لە مافەکانیان.
ئەو کاردانەوەیەى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم لەدواى ئەوە هات، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆمپانیاکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستى پاکتاوکردنەى لەگەڵیدا هەیبووە، چەند تێبینییەکی خستووەتەڕوو.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامە لە رێکارەکانی بۆ راگرتنی کارکردنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و جەخت لە گشتاندنی پێشووی دەکاتەوە بۆ بەشداربووانی کۆمپانیاکە، بەوەی بەشدارییەکانیان نوێ نەکەنەوە و باڵانس پڕ نەکەنەوە و بەشداری لە هیچ خزمەتگوزارییەکی نوێدا نەکەن کە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پێشکێشی دەکات؛ هەروەها هیچ بڕە پارەیەکی پێنەدەن بۆ ئەوەی بەدوور بن لە هەر زیانێکی ماددی کە ئەگەر هەیە بەهۆی راگرتنی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکەوە بەریان بکەوێت.
دەستەکە داوای لە بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم کردووە سیمکارتەکانیان لای خۆیان بهێڵنەوە و رادەستی هیچ لایەنێکی نەکەن تاوەکو دواتر لە رێکارەکان ئاگاداریان دەکەنەوە، هەروەها داوای لە سەرجەم فەرمانبەرانی کۆڕەک تیلیکۆم و ئەوانە کردووە کە گرێبەستیان لەگەڵیدا هەیە، پارێزگاری لە کەلوپەلی کۆمپانیاکە و زانیارییە کەسییەکان بکەن و دزەیان پێ نەکەن.
هەروەها داواشی لەو باڵەخانە و خاوەن موڵکانە کردووە کە ئامێرەکانی کۆمپانیاکەی تێدایە، پارێزگارییان لێبکەن و رێگەش بە فەرمانبەران نەدرێت ئامێرەکان بگوازنەوە.



