رووداو دیجیتاڵ
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەو زانیارییانە دەرکرد کە باس لەوە دەکەن، گوایە حکومەتی عێراق پێشوەختە ئاگاداری ئەو هێرشانە بووە کە مانگی تەممووزی ئەمساڵ ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی و رێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتەبەر.
ئەو فەرمانەی عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە دانیشتنی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026 دراوە.
بەگوێرەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، فەرمانەکەی عەدنان فەیحان بەو جۆرەیە کە دەبێت ئەو لیژنەیە لە هەفتەیەکدا راپۆرتی کۆتایی لەبارەی ئەو بەدواداچوونە پێشکێش بکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لیژنەیە ئەگەر پێکبهێندرێت، لە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەبێت کە تایبەتمەندییان لەو بوارەدا هەیە. ئەو فەرمانەی جێگری یەکەمیش پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری دووەمە وەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان."
لە 29ـی تەممووزی 2026دا ئەمریکا و سعودیە هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و شەش پارێزگای عێراق و لە ئەنجامدا 20 کەس کوژران و 32ـی دیکە بریندار بوون.
هەمان رۆژی هێرشەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "هێرشەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە."



