رووداو ديجيتاڵ پارێزەری دۆسیەی عەجاج، کە بە جەلادی نوگرە سەلمان ناسراوە، رایگەیاند، بڕیاری لە سێدارەدانەکەی گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پەسندکردنی. ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی سکاڵاکارانی دژ بە عەجاج بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەقی بڕیاری دادگەی بۆ سزای لەسێدارەدانی عەجاج رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کردووە و بڕیارەکەیان لە 29ی حوزەیران وەرگرتووە. بڕیاری سزای لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان زەعێتەر عوبێدی لە 23ـی حوزەیرانی 2026 لەلایەن دەستەی پێداچوونەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق پەسەند کرا، لەدوای ئەوەی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە 14ـی ئایار بڕیارەکەی دەرکردبوو. ئەیاد کاکەیی رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی عەجاج، پێویستە سەرۆککۆمار پەسەندی بکات و دواتر لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی داد بۆ جێبەجێکردن. عەجاج، یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکیی ئەنفالە و بە جەلادەکەی نوگرە سەلمان ناسراوە، لە دوو لێکۆڵینەوەدا دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە لە دژی ئەنفالکراوانی کورد کردوونی، لەوانە شەهیدکردن و دەستدرێژیکردن و برسیکردنیان. پارێزەری دۆسیەکە رایگەیاند، بەگوێرەی یاسا، سەرۆککۆمار ناتوانێت سزاکە رەت بکاتەوە یان لێبووردنی بۆ دەربکات و لە دوای گەیشتنی بە وەزارەتی داد، رۆژی لە سێدارەدانی دیاری دەکرێت.