رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی لەبارەی ئامادەکاریی هێزە ئەمنییەکان و وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، لەگەڵ فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان کۆبووەوە و جەختی لەوە کردەوە 30ـی ئەیلوول دوا وادەیە. یەکێک لە گرووپەکانی موقاوەمەش دەڵێت: "چەکیان نییە بۆ رادەستکردن."
رۆژی چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە بەهێزکردنی سەروەریی یاسایی و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان و رەخساندنی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا زەیدی رایگەیاندووە، 30ـی ئەیلوول دوا وادەیە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و پاشەکشێی لێ ناکەن، هەروەها داوای لە بەرپرسانی ئەمنی کردووە کە باڵاترین پلانی ئەمنی جێبەجێ بکەن و پاڵپشتیی سەقامگیریی ناوخۆیی بکەن.
ئەوە دووەم کۆبوونەوە بوو کە عەلی فالح زەیدی لەبارەی پرسی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە یەک رۆژدا بیکات، دوای ئەوەی لەگەڵ چارڵز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە و کشانەوەی لەگەڵ تاوتوێ کرد.
هێشتا چەند گرووپێکی چەکدار لە گرووپەکانی موقاوەمە ئامادە نین چەک دابنێن تاوەکو ئەو کاتەی بەگوتەی خۆیان هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکشێنەوە.
چوارشەممە گرووپی "ئەسحابولکەهف" کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی ئەو گرووپەی خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، لە راگەیێندراوێکدا کە بەبۆنەی یادی کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام بڵاوی کردەوە رایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی سەرکردەکانیان کوژراون، بەڵام ورەیان بێهێز نەبووە.
ئەو گرووپە کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە دەڵێت: "ئێستا قسەی خۆمان دەکەین و کاتیش دەری دەخات کە چەکمان نییە رادەستتان بکەین، بەڵام چەکمان هەیە بۆ خاپوورکردن و رووخاندن."


