رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو کەس دەرکرد، کە پیاوێکیان بە مەبەستی دزی کوشتبوو؛ بکوژەکان بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان، قۆچەکانی گایەکیان خوێناوی کردبوو تاوەکو وا پیشان بدەن کە ئاژەڵەکە پیاوەکەی کوشتووە.
عەمید نیبراس عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرخ لە بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دادگەی تاوانەکانی کەرخی دووەم سزای لەسێدارەدانی بۆ هەریەکە لە (ش.ج) و (و.خ) دەرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێندرا کە هاووڵاتی (ع.ع)یان بە مەبەستی دزینی پارەکانی کوشتووە.
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو فێڵە "سەیرەی" بکوژەکان کردبوویان، عەمید نیبراس گوتی: "هەردوو تاوانبارەکە بۆ چەواشەکردنی لایەنە ئەمنییەکان، وایان بڵاوکردبووەوە کە قوربانییەکە بەهۆی قۆچوەشاندنی گایەکەوە گیانی لەدەستداوە. تەنانەت بۆ ئەوەی سیناریۆکەیان تەواو بێت، قۆچەکانی گاکەیان خوێناوی کردبوو، تاوەکو تاوانەکە بخەنە ئەستۆی ئاژەڵەکە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرخ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان، گومانیان لە چیرۆکەکە کردووە و دوای وردبینی و لێکۆڵینەوەی چڕ، توانییان ناڕاستیی قسەکانیان بسەلمێنن و دانپێدانانیان لێ وەربگرن.
دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەردوو بکوژەکە دەرکرد.
بەپێی یاسای سزاکانی عێراق (ساڵی 1969)، تاوانی کوشتنی ئەنقەست ئەگەر بە مەبەستی دزیکردن بێت، سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان.

