رووداو دیجیتاڵ
لە سەر سنووری سووریا، لەنێو تانکەرێکدا دەست بەسەر 45 هەزار حەبی هۆشبەردا گیرا. دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، "هەوڵێکی مەترسیدار بۆ بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر لەناو وڵاتدا پووچەڵکرایەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، مەفرەزەکانیان لە بنکەی گومرگی (وەلید) بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، ئۆپراسیۆنێکی جۆرییان ئەنجامداوە و توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە حەبی هۆشبەردا بگرن.
بەپێی دەستەی گومرگ، ئۆپراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی زانیاریی وردی هەواڵگری ئەنجامدراوە، حەبە هۆشبەرەکان کە ژمارەیان نزیکەی 45 هەزار دانە بووە، "بە شێوەیەکی زۆر ورد" لەنێو تانکەرێکی بەتاڵدا شاردرابوونەوە کە ویستوویەتی لە سووریاوە لەڕێگەی دەروازەی وەلیدەوە بچێتە نێو عێراق.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای پشکنینێکی وردی تانکەرەکە، توانرا هەوڵەکە ئاشکرا بکرێت و دەست بەسەر مادە هۆشبەرەکاندا بگیرێت. شۆفێری تانکەرەکەش دەستگیرکراوە و رادەستی لایەنە دادوەرییەکان کراوە بۆ ئەوەی سزای یاسایی بدرێت."
دەستەی گشتیی گومرگەکان دەڵێت، "ئەم سەرکەوتنە ئەمنییە ئەنجامی هاوئاهەنگیی باڵای نێوان گومرگ و دەزگا ئەمنییەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی."
دەروازەی وەلید لە 31ی ئاداری 2026 لە دوای 11 ساڵ لە داخرانی، کرایەوە.


