رووداو دیجیتاڵ
ماسییەکی "گۆشتخۆری ئەفریقی" لە ئاوەکانی کەربەلا دەرکەوت؛ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکەش هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەو جۆرە ماسییە، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ماسییەکانی دیکە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەربەلا رایگەیاند، تیمەکانیان لە کاتی پشکنینی مەیدانی بۆ رووبار و سەرچاوە ئاوییەکان، بوونی ماسیی (سەلووری ئەفریقی)یان لە رووباری هیندییە (یەکێک لە لقەکانی رووباری فورات) تۆمار کردووە.
ماسیی "سەلووری ئەفریقی" بە ماسییەکی "داگیرکەر و گۆشتخۆر" وەسف دەکرێت. ئەم ماسییە زۆر چڵێسە و خۆراکی سەرەکیشی ماسی جۆری شەبۆت، قەتان، بونییە و کاربە کە لە عێراقدا هەن. یەکێک لە مەترسییەکانی ئەم ماسییە ئەوەیە کە توانایەکی زۆری هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەموو جۆرە ژینگەیەکدا و زۆر بە خێراییش وەچە دەخاتەوە.

هاشم زوهەیری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەربەلا بە رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی پسپۆڕیان لە بەشی خزمەتگوزاریی سامانی ئاژەڵ و تەندروستیی ئاژەڵان پێکهێناوە بۆ چاودێریکردنی وردی ئەم دۆخە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەربەلا گوتی، "تیمەکانمان توانیویانە بوونی ئەم ماسییە لە رووباری هیندییە تۆمار بکەن. دەرکەوتنی ئەم جۆرە ماسییە وای کردووە پلانێکی بەپەلە دابڕێژین بۆ چڕکردنەوەی پشکنینە مەیدانییەکان بە مەبەستی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سامانی ماسیی ناوخۆیی."

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەربەلا ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی رەوشی ژینگەیی ئاوەکانی پارێزگاکە، "بۆئەوەی رێگری بکەین لەوەی ئەم ماسییە نامۆیە زیانی زیاتر بە ئابووری و سامانی ماسیی ناوچەکە بگەیێنێت."
هاشم زوهێری پێشبینی دەکات بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە ماسییە لە عێراق، پێوەندی بە هەڵهاتنیانەوە هەبێت لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی و قەفەسە سەرئاوکەوتووەکانی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ.



