رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی ئەمنی سەر بە دەستەی دەسپاکیی فیدراڵیی عێراق، بریکاری وەزارەتی کارەبایان بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن دەستگیرکرد.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیا فەرمییەکانی عێراقی راگەیاند، هێزێکی ئەمنی سەر بە دەستەی دەسپاکی، خالید غەزای عەتییە، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردنیان دەستگیرکردووە. بەگوێرەی سەرچاوەکە، دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسە باڵایە لەسەر بنەمای تۆمەتی گەندەڵی بووە و رەوانەی ناوەندی لێکۆڵینەوە کراوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
ئەم دەستگیرکردنە وەک بەشێک لە "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەبینرێت حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستیپێکردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق، داوای لە دەسپاکی کردبوو وردبینی لە دارایی هەموو ئەو وەزیر و بەرپرسە باڵایانە بکات کە لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئێستا لە وەزارەتەکەدا پۆستیان هەبووە.
خالید غەزای عەتیە کێیە؟
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە یەکێکە لە بەرپرسە دێرینەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق، لەدایکبووی 1973پارێزگای ئەنبارە.
بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میکانیک هەیە، لە ساڵی 1998ـەوە لە وەزارەتی کارەبای عێراق دامەزرا.
پۆستەکانی لە وەزارەتی کارەبای عێراق
لێپرسراوی هۆبە و بەشی هێڵەکان لە ناوچەی نێوەڕاست و ئەنبار.
لە ساڵی 2014 بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی وزەی فوراتی باڵا، لە ساڵی 2018ـەشەوە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی وزەی ناوچەی باکووری وەرگرتووە.
نوێنەری وەزارەتی کارەبای عێراق بووە لە لیژنەی هاوبەشی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەڵمانیا.
خالید غەزای هەروەها سەرپەرشتیاری دابینکردنی وزەی کارەبا بووە بۆ پارێزگای ئەنبار و رێپێدراو بووە بە هەموو دەسەڵاتە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی وەزیر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە.

.jpg&w=3840&q=75)