رووداو دیجیتاڵ
وەرزی لێکردنەوەی خورما لە عێراق دەستی پێکردووە و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە ژمارەی دارخورماکان بگەیێننە 32 ملیۆن دار.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی شەممە 15ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " ژمارەی دارخورماکان لە عێراق نزیکەی 22 ملیۆن دارە، لەکاتێکدا پێشتر ژمارەیان لە 32 ملیۆن تێپەڕی دەکرد."
گوتەبێژی وەزارەت هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی دارخورماکانی بۆ "جەنگ، تێکچوونی دۆخی ئەمنی دوای ساڵی 2003، تێکدانی باخەکان بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان" گەڕاندەوە کە هەموویان کاریگەریی نەرێنییان هەبووە.
قوسەی حەتاب ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی کشتوکاڵ پلان و دیدگەیەکی هەیە کە ژمارەی دارخورماکانی عێراق بگەڕێنێتەوە دۆخی سروشتیی خۆی؛ گوتیشی: "وەزارەت دەیەوێ ئاستی بەرهەمهێنان، پیشەسازی و بەبازاڕکردنی خورما بەرز بکاتەوە، تاوەکو داهات بۆ دەوڵەت دابین بکات و عێراق پلە پێشەنگەکەی لەنێو وڵاتانی هەناردەکاردا وەربگرێتەوە."
سەبارەت بە ئاستەنگەکان، گوتەبێژەکە گوتی: "کێشەی سەرەکیمان لە پرۆسەی بەبازاڕکردن و پیشەسازیدایە، چونکە ژمارەی کارگەکانی پیشەسازیی خورما بەراورد بە پێش ساڵی 2003 زۆر کەمی کردووە."
قوسەی حەتاب ئاماژەی بەوەکرد: "عێراق لە بەرهەمهێنانی خورمادا گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی، ئەمەش هەموو جۆرەکانی خورما دەگرێتەوە و لە سەرووشیانەوە جۆری (زوهدی) ."
سەبارەت بە کاتی لێکردنەوەی بەرهەمەکە، قوسەی حەتاب روونیکردەوە کە وەرزی لێکردنەوە لە عێراق لە مانگی تەممووزەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت. ئەم پرۆسەیەش بەپێی جۆری خورماکە و ناوچە جوگرافییەکانی پارێزگاکان دەگۆڕێ.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوە کرد کە سەرجەم پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق خورما بەرهەم دەهێنن، جگە لەوانەش لە نەینەوا شوێنێک هەیە کە سەر بە فەرمانگەی باخدارییە و بڕێکی باش خورما بەرهەم دەهێنێت.



