رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێکی فەرمی، وەزیری کارەبای عێراق بڕیاری داوە بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری لق و وێستگەکان لە پۆستەکانیان، ئەوەش بەهۆی "نەگونجانیان لەگەڵ وەسفی وەزیفی"ـی پۆستەکانیان.
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق کە لە 15ـی ئابی 2026 دەرچووە تێیدا هاتووە، بڕیارەکە دوای پەسندکردنی راسپاردەکانی لیژنەیەکی وردبینی دێت، کە لەلایەن عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراقەوە راسپێردرابوون، بۆ پێداچوونەوە بە وەسفی وەزیفی (شیاویی کەسەکە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی پۆستێک)، لە سەرجەم کۆمپانیا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتەکە.
بڕیارەکە کێ دەگرێتەوە؟
-لە نووسراوەکەدا هاتووە، بڕیاری لادانەکە ئەو بەرپرسانە دەگرێتەوە کە لەگەڵ وەسفی وەزیفی (شیاویی بۆ وەرگرتنی پۆست) ناگونجێن، لەوانە:
-یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری گشتی.
-بەڕێوەبەری لقەکان و یاریدەدەرەکانیان.
-بەڕێوەبەری وێستگەکان و یاریدەدەرەکانیان.
-بەڕێوەبەری بەشەکان لە سەرجەم کۆمپانیاکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا).

وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی داوەتە ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کە دەتوانن دەنگ بدەن لەسەر مانەوەی ئەو کەسانەی لە پۆستەکاندان، بەو مەرجەی جێگرەوەیان نەبێت یان لێهاتووییەکی زۆریان هەبێت، بەڵام دەبێت ئەو کەسانە لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو بەڕێوەبەرایەتی و کۆمپانیایانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، ماوەی دە رۆژیان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن، ئەوەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر پێیان وابێت بڕوانامە، ساڵانی خزمەت و ئەزموونی بەرپرسەکانیان، لەگەڵ وەسفی وەزیفیی پۆستەکانیان دەگونجێت.


