رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەڵێ، لە باکووری ئەو پارێزگایە زیاتر لە چوار هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون و هۆکارەکەیشی بۆ پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێنێتەوە.
ئەحمەد ئیبراهیمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوار ناوچەی باکووری زیقار زیاتر لە چوار هەزار تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە ناوەکانیان لای فەرمانگە تەندرووستییەکانە".
ئەحمەد ئیبراهیمی رایگەیاند: "ئەو چوار هەزار تووشبووە لە قەزاکانی نەسر، قەلعە، ریفاعی و فەجر تۆمارکراون".
بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی شێرپەنجەى عێراق، زیاتر لە 46 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق تۆمارکراون.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای زیقار هۆکاری تووشبوونی ئەو چوار هەزار کەسەی بە دەردراوە ژەهراوییەکانی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەو ناوچەیە گەڕاندەوە.
ئیبراهیمی گوتی: "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی مەیدانی بۆ ئەو ناوچەیە بکەین بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە."
زیاتر لە 120 بیرە نەوت لەو 13 کێڵگەی ناوچەیە لە باکووری زیقار هەن کە کاری بەرهەمهێنانیان تێدایە.




