رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 500 فەرمانبەری وەهمی لە وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرا دەبن کە مووچە بە ناویانەوە وەرگیراوە، بەو هۆیەوە 45 کەس دەدرێنە دادگا.
ئاشکرابوونی ئەو فەرمانبەرە وەهمیانە لە رێگەی پابەندکردنی فەرمانگەکانى وەزارەتی کارەبای عێراق بووە بۆ پەنجەمۆر لە دەوامی فەرمانبەرانی سەر بەو وەزارەتە.
نووسراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق دەست رووداو کەوتووە کە وردەکاریی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە و رێکارەکانی وەزارەتەکەی تێدایە.
ئەو فەرمانە وەزارییەی وەزارەتی کارەبا، رۆژی یەکشەممە 16ی ئابی 2026 دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم جومگەکانی ئەو وەزارەتە کراوە.
یەکێک لە بڕیارەکان تایبەتە بە کارکردن بە سیستەمی پەنجەمۆر لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کارەبا و بڕیاردراوە کە ئەو هەنگاوە ببەسترێتەوە بە سیستەمی مووچەوە.
هەروەها بڕیاردراوە کە سیستەمێکی نوێی یەکگرتووی پارێزراوى هاتن و چوون بۆ فەرمانبەران دابنرێت و ئامێری پەنجەمۆر لە هەموو فەرمانگەکان هەبێت و بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی ببەسترێتەوە بە سیستەمی مووچەوە.
لە یەکێک لە بڕیارەکاندا هاتووە: "هیچ شایستەیەکی دارایی بۆ فەرمانبەر خەرج نەکرێت بەبێ بوونی تۆماری ئامادەبوونی راستەقینەى کە لە سیستەمی پەنجەمۆرەکەوە سەلمێندرابێت."
یەکێک لە ئامانجەکانی کارکردن بە سیستەمی پەنجەمۆر، وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، زانینی نائامادەبوون و دواکەوتنی فەرمانبەرانە و دەبێت ئەو زانیارییانە بەر لە خەرجکردنی مووچەکانیان ئامادە بن.
بەگوێرەی نووسراوەکەى وەزارەتى کارەباى عێراق، 549 فەرمانبەری وەهمی ئاشکرا بوون، کە 37یان گرێبەست بوون و بەپێچەوانەى رێکار و رێنماییەکان مامەڵەیان بۆ کراوە.
چوار لەو فەرمانبەرە وەهمیانەی کە ناویان لە نووسراوەکانی وەزارەتی کارەبا هاتووە، فەرمانی دامەزراندنی وەهمییان بۆ کراوە و لە ساڵی 2019وە مووچەیان بۆ خەرج کراوە.
یەکێک لە فەرمانبەرە وەهمییەکان لە ساڵی 2007 بۆ 2025 مووچە بە ناوییەوە وەرگیراوە.
45 فەرمانبەر و بەرپرسی وەزارەتی کارەبا لەسەر دۆسیەی ئەو فەرمانبەرە وەهمیانە دراونەتە دادگا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
بەگوێرەی نووسراوەکە، بڕی ئەو پارەیە دیاریدەکرێت کە بە نایاسایی بۆ ئەو فەرمانبەرە وەهمیانە خەرج کراوە، بۆ ئەوەی لەو فەرمانبەرانە وەربگیرێتەوە کە دراونەتە دادگا.
چوار لە فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا داونێتییە دادگە لە داخڵکردنی زانیاریی فەرمانبەرە وەهمییەکان بۆ ناو سیستەمی کارتی ماستەرکارد داخڵکردووە، یەکێک لە فەرمانبەرەکانی دیکەش ناوی خوشکێکی بۆ لیستی 37 گرێبەستە وەهمییەکە زیاد کردووە.




