رووداو دیجیتاڵ
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی وڵات کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، چوار سەرۆکایەتییەکە جەختیان لە دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ ناوچەییەکان، کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە داراییەکان کردووەتەوە کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە دروستبوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2026، بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی، سەرۆککۆمار، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق بەڕێوەچوو. لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووە، سەرۆکایەتییەکان باسیان لە دابەزینی داهاتی وڵات کرد بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و داخستنی تەنگەی هورمز. جەخت کرایەوە کە پێویستە حکومەت کار بکات بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، تاوەکو ئابووریی عێراق بەرگەی قەیرانەکان بگرێت.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر چوار سەرۆکایەتییەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت "چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت" وەک بنەمایەک بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق کرایەوە بۆ پاراستنی وڵات.
سەرۆکایەتییەکانی عێراق رایانگەیاندووە، "عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەر لایەنێک یان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حیسابات و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان." داواشیان کرد کێشەکانی ناوچەکە بە رێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکایەتییەکان باسیان لە پڕۆژەیاسای "گێڕانەوەی دارایی" کردووە کە حکومەت پێشنیازی کردووە بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
هەروەها داوا کرا پەرلەمان پەلە بکات لە پەسندکردنی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە بژێوی و خزمەتگوزاریی هاووڵاتییانەوە هەیە. هەروەها باسیان لە پێویستی هاوئاهەنگی نێوان دامەزراوەکان کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کابینەی حکومەت تەواو بکرێت.


