رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر پەیامێکی ناڕەزایەتی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و داوایان لێدەکات هێرشە درۆنییەکانیان بۆ سەر خاکی عێراق رابگرن. سەدر دەڵێت، لێدانی بەرپرسانی عێراقی چ لە بەغدا بێت یان لە کوردستان، جێگەی داخە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "عێراق بە درۆنی دووژمنان لێیبدرێت، ئەمە کارێکی پڕ لە شانازییە. بەڵام لێدانی خاک و ناوچەکانی عێراق بە درۆنی براکانمان لە ئێران، کارێکی جێگەی داخە."
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جۆرە هێرشانە هیچ جیاوازییەکی نییە لە هەر شوێنێکی عێراق بدرێت و دەڵێت، "بەتایبەتی ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر بەرپرسانی عێراقی بن، چ لە بەغدا بێت یان لە کوردستان، یان هەر بستێکی خاکی عێراقی پیرۆز."
موقتەدا سەدر داوا لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات کە کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن و نووسیویەتی، "گوتەکەی خۆم دووبارە دەکەمەوە؛ پێویستە لەسەر براکان لە سوپای پاسداران لە خاکی عێراق نەدەن، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی خۆشحاڵیی دوژمنان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەدر نزا دەکات؛ "خودا ناوچەکە لە جەنگ بپارێزێت و عێراق لە هەموو جۆرە مەترسییەک بپارێزێت، سەرچاوەی مەترسییەکە لە هەر لایەکەوە بێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاژێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.


