رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا پرسێکی تەواو نیشتمانی و سەروەرییە و هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی تێدا نییە. لەبارەی پرسی لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی باس لەوە دەکات، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە.
رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا عێراقی لە لێکەوتەی مەترسیدار پاراستووە. عێراق خەریک بوو بەهۆی پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت تووشی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بێت، بڕیارەکانی حکومەتیش بۆ رێگری بوو لەو لێکەوتە خراپانە."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە گۆڕانکاری لە دراوی عێراقیدا دەکەن، حەیدەر عەبوودی رایدەگەیێنێت، "نە ئەنجوومەنی وەزیران و نە بانکی ناوەندی، هیچ بڕیارێکیان بۆ لادانی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی دەرنەکردووە، ئەم بابەتە پێویستی بە یاسا و پەسندکردنی پەرلەمان هەیە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی خێراکردنی رێکارەکاندان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراق تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول. گوتیشی، "سەرۆکوەزیران بایەخێکی تایبەت بە دۆسیەی بەرگریی ئاسمانی دەدات و زەوینەی دارایی و کارگێڕیی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی تەرخان کردووە."
لەبارەی دەستەی حەشدی شەعبی، حەیدەر عەبوودی دەڵێت، "هەموو پێکهاتەکانی نێو دەستەی حەشدی شەعبی رێکدەخرێنەوە و ناوی نوێیان لێ دەنرێت لە چوارچێوەی خودی دەستەکەدا." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەستگیرکردنی عەباس حوسێن یەعقووبی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی بەپێی فەرمانی دادوەر بووە.
ئەمڕۆ کەناڵی عەرەبییەی سەر بە سعودیە بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکان پلانی تیرۆرکردنی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق-یان داناوە، کە بە درۆن بیکوژن.
گوتەبێژی حکومەت لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو هەواڵانەی باس لە هەوڵێک بۆ بەئامانجگرتنی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکەن، لە قۆناخی وردبینی زانیارییەکاندان"
سەبارەت بە هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی، عەبوودی دڵنیایی دا، کە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەشێوەیەکی "رێکوپێک" بەردەوامە بۆ پاراستنی سامانی گشتی.


