رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 90 واژۆ کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت؛ ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ خەڵکەکەی.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان هەڵمەتێکی بۆ کۆکردنەوەی واژۆ دەستپێکردووە تاوەکو دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لە هەولێر بکرێت. دوای ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێرشەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتی: "دانیشتنەکە وەک هاوسۆزییەکە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەر هێرش و پەلامارێک کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی."
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو زیاتر لە 90 واژۆ لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کۆکراونەتەوە و هەڵمەتەکەش بەردەوامە؛ بڕیارە دواتر یاداشتەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بۆ سازکردنی دانیشتنەکە بگرێتەبەر.
هاوکات، مستەفا کوبەیسی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق (لە پێکهاتەی عەرەبی سوننە) یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان کردوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند واژۆکان گەیشتووتە 94 واژۆ بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان لە شاری هەولێر بکرێت، بۆ پشتیوانی هەڵوێستی فەرمی حکومەت کە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات، بەداخەوە دووبارە دەبنەوە، هەروەها سەرکۆنەکردنی بە ئامانجکردنی بارەگای نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
مستەفا کوبەیسی، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە پەرلەمانی عێراق هەڵوێستیێکی نیشتمانیی روون و راشکاوانەی هەبێ لەبارەی ئەو هێرشیانە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و خاکی عێراق. دانیشتنەکە پەیامێکی هاوسۆزییە و رەتکردنەوەی هەر پەلامارێکە کە دەکرێتە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان. لە دانیشتنەکەدا گوێ لە دەزگا ئەمنییەکان دەگیرێت لەبارەی ئەو هێرشانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-08-2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
ئەو هێرشە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوە و سەرکۆنەکردنی بەدوادا هات. نووسینگەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، زەیدی بڕیاری داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەی هێرشەکە پێکبهێندرێت و بە زووترین کاتیش ئەنجامەکەی ئاشکرا بکرێت.


