رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە وابەستەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، بۆ دانانی چەک مەرجی نوێیان هەیە، ئەویش کشانەوەی سوپای تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، هەروەها پەیامێکی "تونود" ئاراستەی عەلی فالح زەیدی دەکات و دەڵێت: "100 رۆژ بەرگەمان گرتیت".
سێشەممە 18ی ئابی 2026، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق پەیامێکی لەبارەی چەکدانان و دۆخی ئەمنیی ئەم دواییە بڵاوکردەوە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق سێ مەرجی پێشوەختی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ هەر حکومەتێکی عێراق بکەن بە مەبەستی رێکخستنی کار لەگەڵیدا لەوەی پەیوەندیدارە بە چەکەوە.
مەرجەکانی ئەو گرووپە چەکدارە شیعەیە وەک ئەوەی لە پەیامەکەدا هاتووە، چوونەدەرەوەی تەواوی سوپای ئەمریکا لە زەوی و ئاسمانی عێراق و دڵنیاییدان لەوەی کە ناگەڕێنەوە و دوورخستنەوەی بڕیاری سیاسی و ئابووری لە هەژموونی ئەمریکا.
مەرجی دووەمی گرووپەکە ئەوەیە سوپای تورکیا لە عێراق بچێتە دەرەوە، لە مەرجی سێیەمیشدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێشمەرگە هێزێکی فەرمییە و لە دەستووردا وەکو پاسەوانی هەرێمی کوردستان ناسێندراوە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و نوجەبا کە وابەستەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، دوو لەو گرووپە سەرەکییانەن کە تاوەکو ئێستا ئامادە نەبوون چەک رادەستی دەوڵەت بکەن، تاوەکو ئێستا مەرجی پێشوەختەیان تەنیا چوونەدەرەوەی سوپای ئەمریکا بوو.
بەشێکی دیکەی پەیامی بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران بوو، ئاماژە بەوە دەکات کە 100 رۆژ بەرگەی هەڵسوکەوتەکانیان گرتووە، بەڵام ئەوەیان لێ نەبینی کە عێراق لەو دۆخە ئاڵۆزەی تێیدایە تێپەڕێنێت.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، زەیدی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی شەهیدان و بریندارانی هێزەکانیان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەمریکییەکان، هەڕەشەی ئەوە دەکات کە لە داهاتوودا وەک خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخانە دەکەنەوە.
ئەبو موجاهید عەساف بە زەیدی دەڵێت: "تۆ خەریکی بازرگانی و خۆشگوزەرانی و پڕکردنی گەنجینەکەت بوویت، لەکاتێکدا خوێنی ئێمە دەڕژا بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و پارێزگاری لە دەوڵەت و پیرۆزییەکان، بۆیە خۆتت بیر نەچێت".
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە چاوەڕێی "دانا و براگەورەکان" دەکەن بۆ راستکردنەوەی ئەو "خواروخێچییە" ئەمنییەی، کە زەیدی بە دروستکردنی تۆمەتبار دەکات.



