رووداو دیجیتاڵ بانکی رەشید روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئاشکرابوونی زیاتر لە 500 فەرمانبەری وەهمی لە وەزارەتی کارەبا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو پرسە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و رێکارەکانی بەجێکردنى مووچە بەگوێرەی رێکارە فەرمییەکان دەکرێت. ئەو بانکە کە سەر بە وەزارەتی دارایی عێراقە، لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: "بانکی رەشید هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەری وەهمی لە وەزارەتی کارەباوە نییە و رێکارەکانی بەجێکردنى مووچە بەگوێرەی رێکارە فەرمییەکان دەکرێت بۆ ئەو لیستانەی کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێمان دەگات." بەگوێرەی چەند نووسراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق کە لە 16ی ئاب دەرچووە، 549 فەرمانبەری وەهمی ئاشکرا بوون، کە 37یان گرێبەست بوون و بەپێچەوانەی رێکار و رێنماییەکان مامەڵەیان بۆ کراوە. بانکی رەشید رایگەیاند، وەزارەتی کارەبا مانگانە لیستی مووچەیان بۆ دەنێرێت و واژۆی کەسانی پەیوەندیداری پێوەیە، ئەرکی بانکەکە تەنیا خەرجکردنی پارەیە بەگوێرەی ئەو لیستانەی کە لەلایەن وەزارەتەکەوە پێی دەگات. بەگوێرەی نووسراوەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق، یەکێک لەو فەرمانبەرانەی تۆمەتبار کراون لە دۆسیەی مووچەی ئەو فەرمانبەرە وەهمییانەدا، بەرپرس بووە لە وەرگرتنی ماستەرکاردی مووچە لە بانکی رەشید و سەرپەرشتی بەجێکردنی مووچەی کردووە. بانکی رەشید رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ دۆخی فەرمانبەران و لێکۆڵینەوە لە پابەندبوونیان بە دەوام، لە بەرپرسیارێتی وەزارەتەکانە و لە سنووری تایبەتمەندی بانکەکەیان نییە.
عێراق18-08-2026گومرگی عێراق: پێشبینی دەکەین تشرینی دووەم بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات