رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، کار بۆ بەرەوپێشبردنی گوندەکان و کەرتی کشتوکاڵ دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دامەزراندنی سندووقی گەشەپێدان رێگە خۆش دەکات بۆ رەخساندنی هەلی کاری زیاتر و تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە پیتەر هۆکینز، رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەوەکالەت کرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان کرا.
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت پلانی هەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری؛ گوتیشی: "دامەزراندنی سندووقی گەشەپێدان یارمەتیدەر دەبێت لە دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، دروستکردنی شارە پیشەسازییەکان و پڕۆژەکانی تەندروستی و پەروەردە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییەکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لە پشتگیریکردنی پڕۆسەی چاکسازی و چەسپاندنی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
پیتەر هۆکینز پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی چاکسازیی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی عێراق بگاتە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە (سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان) کارا بکات، کە ئامانجی سەرەکیی راکێشانی کەرتی تایبەتە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی.
.png&w=3840&q=75)
