رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە بەغدا 5 ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و 3 ئەندامی دیکەی هەمان خێزان بریندار بوون. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە 4 ئۆتۆمبێلدا کێشاوە و شۆفێرەکەی مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ بووە و مۆڵەتی لێخوڕینی نەبووە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 18ی ئابی 2026، لە رێگەی فڕۆکەخانەی موسەننا و لە نزیک کۆلێژی ئاشوور لە بەری کەرخی شاری بەغدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ بە خێراییەکی زۆر کۆنترۆڵی لەدەستدا و چووە سایدی بەرامبەر.
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو رووداوەدا 5 ئەندامی یەک خێران گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەی هەمان خێزان بریندار بوون و زیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی دیکە کەوتووە.
فەریق عودەی سەمیر حەسانی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق، لە شوێنی رووداوەکە لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هۆکاری رووداوەکە "کەمتەرخەمی و تیژڕۆیی لەڕادەبەدەر" بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێری ئۆتۆمبێلە جیپەکە گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ بووە، مۆڵەتی شۆفێری نەبووە و بە خێرایی 110 بۆ 120 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بەشێوەی "زیگزاگ" رۆیشتووە، ئەوەش بووەتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵ کە وایکردووە بچێتە ئەوبەری شەقامەکە و خۆی بە 4 ئۆتۆمبێلی دیکە بکێشێت".
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2025، 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە 15 پارێزگای عێراق تۆمارکراون کە 1.6%ی لە ساڵی 2024 زیاتر بووە و شۆفێر هۆکاری زیاتر لە 74%ـی رووداوەکان و رێگەوبانیش هۆکاری زیاتر لە 6%ـی رووداوەکان بووە.


.png&w=3840&q=75)